سەردێڕ:

لە ئیتاڵیا ریفراندۆم بۆ کەمکردنەوەی ئەندامانی پەرلەمان دەکرێت

فۆتۆ: 
2020-09-18

1403 جار خوێندراوەتەوە

بڕيارە هەفتەی داهاتوو لە وڵاتی ئيتاڵيا و بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتاران، لە ٩٤٥ پەرلەمانتارەوە بۆ ٦٠٠ پەرلەمانتار، ڕيفراندۆم بکرێت.

وا بڕيارە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەيلول ڕيفراندۆم لە وڵاتی ئیتاڵیا بۆ دەنگدان لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت، کە تايبەتە بە کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە بەڕێژەی لە سەدا ٣٦.٥%

پێشتر، هەموارکردنەوەی دەستوور لە پەرلەمانی ئیتاڵیا پەسەندکراوە، ئەگەر بێت و ڕيفراندۆمەکە زۆرينەی دەنگی بەڵێ بەدەستبهێنێت، ئەوا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەو وڵاتەدا کە بڕيارە لە ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێوەبچیت لە بری ٩٤٥ کورسی، دەنگ بۆ ٦٠٠ کورسی پەرلەمانی دەدرێت.

کەمکردنەوەکەش بەجۆرێکە ژمارەی سيناتۆرەکان لە ٣١٥ بۆ ٢٠٠ سيناتۆر کەمدەکرێنەوە و نوێنەرانی خەڵکيش لە ٦٣٠ کەسەوە بۆ ٤٠٠ کەس کەمدەکرێنەوە.

بڕيار بوو ریفراندۆمەکە، لە ٢٩ی ئازاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچیت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤايرۆسی کۆرۆناوە دواخرا، حکومەتی ئيتاڵياش باس لەوە دەکات ئەم هەنگاوە هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی خەرجييەکان و ڕوبەڕوبوونەوەی قەيرانی دارایی، دەنگدەرانی نەخێريش ئاماژە بەوە دەکەن کە کاريگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی ديموکراسی دەبێت لە ڕۆما.