سەردێڕ:

قائیمقامیەتى چەمچەماڵ لەبارەى کارى فەرمانگەى نیشتیمانییەوە هاوڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-08-08

6690 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامیەتى چەمچەماڵ رایگەیاند، ھاوڵاتیان ئاگاداردەکەینەوە کە لە رۆژانی پێنجشەممەدا دەوامی فەرمی لە فەرمانگەی کارتی نیشتیمانیەکانی سنورەکەمان رادەگیرێت.

قائیمقامیەتى چەمچەماڵ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ھاوڵاتیانی سنورەکەمان ئاگاداردەکەینەوە کە رۆژانی پێنجشەممە دەوامی فەرمی لە فەرمانگەی کارتی نیشتیمانیەکانی سنورەکەمان رادەگیرێت"، دەشڵێن، "داوا لە ھاوڵاتیان دەکەین سەردانی فەرمانگەکانی کارتی نیشتیمانی چەمچەماڵ و قادرکەرەم نەکەن، چونکە تەنھا لە رۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممە دەوامی فەرمی دەکرێت".

ئاماژەبەوەشکراوە، "لە ئێستادا تەنھا مامەڵەکانى (سورەت قەیدى ئەلیکترۆنی و سورەت دەستی و تەئیدی راستی و دروستی و تۆمارى منداڵی تازە لە دایکبوو و بە مەرجێک دایک و باوک کارتی نیشتیمانیان ھەبێت و تەئیدی زەواج و تەئیدی قسام شەرعى) بۆ دادگاکان ئەنجام دەدرێت".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "داواکارین لە هاوڵاتیان لەکاتی سەردانیکردن بۆ فەرمانگەى کارتى نیشتیمانى مەرجەکانی تەندروستی ڕەچاوبکەن بۆ خۆپاراستن، بەبێ دەست کێش و دەمامک ناچارین هاوڵاتیان نەکەینە ژوورەوە بۆ فەرمانگەکان لەبەر سەلامەتی هەمووان".

باس لەوەشکراوە، "رۆژانە لە یەكشەممە وە تا چوارشەممە له‌ كاتژمێر ١ى پاشنیوەڕۆ تا ٥ی ئێوارە ده‌توانن سه‌ردانی ‌ئه‌و فه‌رمانگانه‌ بكه‌ن كه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ كارتی‌ نیشتیمانیان لێكردووه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ كارتەکانیان".

دەشڵێن، "بۆ وەرگرتنەوەى کارتى نیشتیمانیەکان پێویستە ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عێراقی‌ و پێناسی‌ باری شارستانیان پێبێت، لەگەڵ پسوڵەى وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ كارتی نیشتیمانیەکە ناوی ئەو کەسەی کە تۆمار کراوە بۆ وەرگرتنەوەکەی دەبێت ھەر ئەو کەسە بچێتەوە بۆ کارتەکە."