سەردێڕ:

سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات

فۆتۆ: 
2020-08-08

1508 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای هەڵبژاردنی پیشوەختەی لە وڵاتەکەی کرد و دەشڵێت، "دووشەممەی داهاتوو پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەخەمە بەردەم حکومەت."

حەسان دیاب، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا داوای هەڵبژاردنی پیشوەختەی لە وڵاتەکەی کرد و دەشڵێت، لە ئێستادا لوبنان بە قۆناغێکى سەختدا تێپەڕدەبێت، دەشڵێت، "رۆژی دووشەممە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەخەمە بەردەم حکومەت".

ئاماژەى بەوەشکرد، "ئامادەم بۆ ماوەی دوو مانگ بەرپرسیارییەتی حکومەت لە ئەستۆ بگرم تاوەکو پارتە سیاسییەکان دەگەنە رێککەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو".

ئەوەشى خستەڕوو، "کارەساتەکەی بەندەری بەیروت لە ئەنجامی گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانی چەند ساڵە بوو، هەموو بەرپرسانی بەندەری بەیروت دەخرێنە ژێر لێپرسینەوە و ئەو کارەساتە بەبێ لێپێچینەوە تێناپەڕێت، لێكۆڵینەوەکانیش فراوانتر دەکرێن تاوەکو هەموو ئەوانە بگرێتەوە کە پەیوەندیدارن بە روودانی ئەو کارەساتە".

ڕاشیگەیاند، "لوبنان بەرگەی موزایەدە ناگرێت و پێویستە دەستبەرداری حیساباتی سیاسیی بن"، داواکاریشی ئەوەیە، بەرپرسان هەست بە بەرپرسیارییەتی نیشتمانیی بکەن.

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەی رۆژی سێشەممەی رابردوو لە بەندەری بەیروت روویدا، تاوەکو ئێستا ١٥٨ کەس کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسى دیکەش برینداربوون.