سەردێڕ:

ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە پەیوەندی بە تەقینەوەکەی بەیروت هەبێت

فۆتۆ: 
2020-08-04

16830 جار خوێندراوەتەوە

ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بەو تەقینەوەیەوە هەبێت کە لە بەندەری بەیروت پایتەختی لوبنان روویدا.

رادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی سیاسیی کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، رایگەیاندووە "ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی بەیروتەوە نییە".

هاوکات، یەعقوب عەمیدرۆر سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، به‌ رادیۆی سوپای ئیسرائیلی راگەیاندووە، "پێویستە لایەنی بەرپرس لە دانانی ئەو شتە (کە بووەتە هۆی تەقینەوەکە) لە بەندەری لوبنان، ئاشکرا بکرێت".

عەمیدرۆر راشیگەیاندووە، "حزبوڵڵا بەرپرسیارە لەو کارە، ئەمە لەو کارانە خراپتر نییە کە بەسەر لوبنانی هێناوە".

هاوکات، رادیۆی ئیسرائیل لێدوانی ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئیسرائیلی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا رەتیانکردووەتەوە کە تەلئەبیب پەیوەندی بە تەقینەوەکەی بەیروته‌وه‌ هەبێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەری بەیروت روویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە ٧٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە سێ هەزار و ٦٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.