سەردێڕ:

چیرۆکی دەستگیرکردنی خالید محەمەدی رۆژنامەنووس

فۆتۆ: 
2020-08-04

4273 جار خوێندراوەتەوە

لە ترسی ژیانی خۆم مانگێک فیرار بووم

شه‌ش ساڵ ده‌بێت له ‌كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌ كار ده‌كه‌م زۆر ناڕه‌وایی ‌و پێشێلكارییم چه‌شتووه‌، به‌ڵام هیچیان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ ٢٠١٧ نه‌بوو كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ كاتی‌ كار و پیشه‌ی‌ فه‌ڕمی‌ خۆمدا پێشێلكاریی گه‌وره‌م به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدرا، هاوكات فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنم بۆ ده‌رچوو، به‌و هۆیه‌وه‌ ته‌نیا هه‌ڵاتن‌ و خۆ شاردنه‌وه‌م بۆ مایه‌وه‌.

کاتژمێر ۹ ی  بەیانی رۆژی ۱۹ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ ۲۰۱۷ هێشتا له‌ماڵی‌ خۆمان بووم كه‌ زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا، به‌ڵێ ‌‌و فه‌رموو له‌ من‌ و سڵاوكردن له ‌كه‌سی‌ په‌یوه‌ندیكار، خۆی‌ ناساند مامۆستایه‌كی‌ كۆیه‌یه ‌و گوتی‌ "کاک خالید لە بەردەمی پەروەردەی کۆیەین ژمارەیەکی زۆر مامۆستاین، ئەگەر بێیت رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەیت‌ و دەنگمان بە حکومەت‌ و رای گشتی بگەیەنیت".

هه‌موو ئه‌م رووداوانه‌ به‌هایه‌كی‌ هه‌واڵی‌ گرنگیان بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌یه‌، به ‌تایبه‌تی‌ كه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ مامۆستایانه‌وه‌ هه‌یه ‌و چاره‌نووسی‌ به‌رده‌وامی‌ یان راگرتنی‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندن به‌وانه‌وه‌ گرێدراوه‌.

زۆری‌ نه‌خایاند کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانم هەڵگرت‌ و چوومە بەردەمی پەروەردەی کۆیە له‌ گه‌ڕه‌كی‌ شه‌هیدان لە پشت گۆڕستانی‌ شه‌هیدان، به‌ گوتنه‌وه‌ی‌ دروشم ‌و لافیته‌كانی‌ ده‌ستیان زوو ده‌ركه‌وت كه‌ داواكاریی مامۆستایان زۆرن، بەڵام گرنگترینیان راستكردنه‌وه‌ی‌ باری‌ مووچه‌ بوو كه‌ به‌هۆی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ و دواكه‌وتنی‌ به‌رده‌وامییه‌وه‌ گوزه‌رانی‌ مامۆستایان خراپ بووبوو.

مامۆستاكان له‌ گه‌یشتنی‌ منه‌وه‌ یه‌ك كاتژمێری‌ ته‌واو له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی‌ كۆیه‌دا مانه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ به‌ره‌و قائیمقامیه‌تی‌ كۆیه‌ ده‌ڕۆیشتن، تا ده‌هاتیش به ‌ڕێگاوه‌ خه‌ڵكی‌ دیكه‌ی‌ كۆیه‌ی‌ تێكه‌ڵده‌بوو كه‌ پشتیوانی‌ هه‌مان داواكاریی بوون‌ و وه‌ك تۆپه‌ڵه‌ به‌فرێك كه‌ سه‌ر به‌ره‌وخوار بڕوات قه‌باره‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێشتریش خه‌ڵكێكی‌ به‌رچاو له‌به‌رده‌م قائیمقامیه‌ت له‌ خوار قشڵه‌ی‌ كۆیه‌ كۆبووبوونه‌وه‌.

وا راهاتووم له‌و جۆره‌ رووداوانه‌ هه‌میشه‌ به‌شێكی‌ دیاریكراو هه‌ڵده‌بژێرم كه‌ هه‌م چاوم له‌ هه‌موو گۆشه‌كانی‌ رووداوه‌كه‌ بێت ‌و هه‌م خۆم بپارێزم له‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر لایه‌كی‌ ناو رووداوه‌كه‌ حیساب بكرێم.

له‌ پشته‌وه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران ده‌رۆیشتم كه‌ شه‌ش كه‌س به‌ جلی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ هاتنه‌ لام، له ‌بن چاكه‌تی‌ یه‌ك دوانێكیانه‌وه‌ ده‌مانچه‌م بینی‌، نازانم ئه‌وه‌ به‌ رێكه‌وت بوو یان خۆیان مه‌به‌ستیان بوو ده‌مانچه‌كانیانم پیشان بده‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان بناسێنن داوایان كرد ده‌ستبه‌جێ‌ كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیان بده‌مێ‌ كه‌ بریتی‌ بوون له‌ كامێرا و مایك كه‌ لۆگۆی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ره‌ له‌گه‌ڵ ستاند و ئامێری‌ راسته‌وخۆ و مۆبایله‌كه‌م، له‌ناو په‌خشی‌ راسته‌وخۆدا بووم كه‌ په‌خشه‌كه‌یان وه‌ستاند، بیریشم نه‌چێت ئه‌وه‌ باس بكه‌م كه‌ من له‌ كۆیه‌ هه‌م خۆم كامێرامان‌ و هه‌م په‌یامنێریشم.

گفتوگۆم له‌گه‌ڵ ده‌كردن ‌و باجی‌ كه‌ناڵه‌كه‌م پێ‌ پیشان ده‌دان هه‌رچه‌ند پێشوه‌خته‌ من لای‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وه‌ك رۆژنامه‌نووس ناسراوم، به‌ڵام قسه‌ سوودی‌ نه‌بوو ئینجا هێزی‌ بازوویان به‌كارهێنا و به‌زۆر كه‌لوپه‌له‌كانیان لێسه‌ندم. له‌گه‌ڵیدا چه‌ندین قسه‌ی‌ نه‌شیاویان پێ گوتم‌ و له‌ په‌نا دیوارێك ده‌ستبه‌سه‌ریان كردم‌ و له ‌ده‌ورم وه‌ستان.

به ‌هه‌ڵسوكه‌وته‌كه‌یان بۆم روون بووه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ من له‌و ناوه‌ دوور بخه‌نه‌وه‌ و ده‌ستگیرم بكه‌ن، چونكه‌ پێشتر ئه‌زموونی‌ له‌و شێوه‌یه‌م بینیوه‌.

مانگی‌ ته‌مموزی‌ هه‌مان ساڵ (٢٠١٧) له‌ خۆپیشاندانێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆیه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ مه‌ده‌نی‌ منیان ده‌ستگیر كرد و بردیانم بۆ ئاسایشی‌ رۆژئاوای‌ هه‌ولێر له ‌كۆیه ‌‌و پاش نیو كاتژمێر ئینجا ئازاد كرام.

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ خۆپیشانده‌ران به‌م كه‌ین‌ و به‌ینه‌یان زانی، هاتن به‌گژ هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا و پڕ به‌گه‌روویان هاواریان ده‌كرد ئێن ئاڕ تی‌، چه‌ند خۆپیشانده‌رێكیش وه‌ك پشتیوانی‌ منیان خسته‌ سه‌ر شانی‌ خۆیان‌ و به‌رزیان كردمه‌وه‌، هه‌رچۆنێك بوو كه‌لوپه‌له‌كانی‌ منیان وه‌رگرته‌وه‌، به‌ڵام له‌م بێنه ‌و به‌رده‌یه‌دا تا گه‌یشته‌وه‌ ده‌ست من مایكه‌كه‌م‌ و به‌شێك له‌ كه‌لوپه‌له‌كانم له‌ كاركه‌وتن.

 

یه‌كێك له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی‌ كه‌ هاوكار بوو له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌له‌كان مامۆستا هێرش بوو کە چه‌ند خوله‌كێك دواتر به ‌گولەی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێكرا و گیانیله‌ده‌ستدا.

ئه‌وه‌نده‌ی‌ من ئاگادار بووم كه‌ناڵه‌كانی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن‌ و سپێده‌ش هه‌ر له‌ناو خۆپیشاندانه‌كه‌وه‌ رووماڵیان ده‌كرد، له‌به‌رده‌م قائیمقامیه‌ت ئه‌وانم بینی‌، به‌ڵام دواتر لێیان غافڵ بووم.

مادح جه‌مال په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ سپێده‌ له ‌كۆیه‌، یه‌كێك بوو له‌و میدیاكارانه‌ی‌ رووماڵی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ده‌كرد، خۆی‌ به‌چاوی‌ خۆی‌ بینی‌ كه‌ به‌رگ مه‌ده‌نییه‌كان چۆن په‌لاماری‌ منیان دا، ده‌ڵێت "شوێنەکەی کاک خالید لێی وەستابوو لە پشتی خۆپیشاندەرانەوە بوو شوێنەکەش کەمێک بەرزبوو ئەو رووماڵی راستەوخۆی دەکرد، ئاگاداربووین کە چەند کەسێک چوونە لایی ‌و دەستگیریان کرد و دواتر کەلوپەلەکانیان لێ سەند و پەخشەکەیان وەستاند، دواتر دەرکەوت ئەو کەسانە هێزەئەمنیەکان بوون". لای‌ مادح ‌و زۆربه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كۆیه‌ ئه‌و جل مه‌ده‌نیانه‌ ناسراون.

به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ رووماڵی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌م ده‌كرد، هه‌وڵم ده‌دا رووداوه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ بێ‌ زیاد و كه‌م بگوازمه‌وه ‌و چه‌نده‌ ده‌متوانی‌ بێلایه‌نی ‌‌و بابه‌تی‌ بوونم ده‌پاراست، به‌ڵام بێگومان ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ به‌دڵی‌ لایه‌كی‌ هاوكێشه‌كه‌ نابێت.

حەسەن عەباس یه‌كێك له ‌مامۆستا خۆپیشانده‌ره‌كان گوتی‌ "پەیامنێری کەناڵی NRT کە لە شوێنەکە ئامادەیی هەبوو بە شێوەیەکی پیشەییانە رووماڵی داواکاری خۆپیشاندانی دەکرد و دەنگی ناڕەزایی خۆپیشاندەرانی دەگواستەوە، بەڵام لەلایەن هێزەئەمنییەکان هێرشی کرایە سەر تا رێگە بگرن لە گواستنەوەی دەنگی خۆپیشاندەران دەنگی ناڕەزایەتی مامۆستایان، هەربۆیە ئێمه‌ لە هەوڵدابوون بۆ ئازادکردنی خۆیی‌ و وەرگرتنەوەی کەلوپەلەکانی ".

خۆپیشانده‌ره‌كان نزیكه‌ی‌ دوو كاتژمێر له‌به‌رده‌م قائیمقامیه‌ت مانه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ هیچیان ده‌ستگیرۆ نه‌بوو، گرژی‌ كه‌وته‌ نێوان خۆپیشانده‌ران‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، وامان به‌رگوێ‌ كه‌وت كه‌ چوار خۆپیشانده‌ر به‌ لێدان ‌و پاڵه‌په‌ستۆ بریندار بوون، كاتێك خۆپیشاندان فشاری‌ زیاتریان برد، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له ‌سه‌ربان‌ و حه‌وشه‌ی‌ قائیمقامیه‌ته‌وه‌ ته‌قه‌یان به‌ ئاسماندا كرد، خۆپیشانده‌ره‌كان هه‌ندێك كشانه‌وه ‌و دواتر توڕه‌تر به‌ره‌و بینای‌ قائیمقامیه‌ت چوونه‌وه‌، ئه‌و كات هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بیناكه‌یان چۆڵ كردبوو، خۆپیشانده‌رانیش چوونه‌ ناو بینای‌ قائیمقامیه‌ت ‌و سووتاندیان.

خۆپیشانده‌ران به ‌توڕه‌ییه‌وه‌ چوونە سه‌ر بارەگای هەریەک لە ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان‌ و بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بارەگای رێکخراوە دیموکراتیەکانی یەکێتی نیشتمانی ‌و مەکۆی گۆڕان ‌و هەموو بارەگاکانیان سووتاند.

له‌ گه‌رمه‌ی‌ ئه‌و رووداوانه‌دابوو كه‌ كامێراكه‌م شه‌حنی‌ نه‌ما، بۆیه‌ شوێنی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌م جێهێشت‌ و رۆیشتم بۆ ئه‌وه‌ی‌ كامێراكه‌ شه‌حن بكه‌مه‌وه‌، لەو ماوەیەشدا خۆپیشاندەران بە ئاڕاستەی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕۆیشتبوون، بەڵام رووبەڕووبونەوە رووی دا کە لەئەنجامدا ۱۹ خۆپیشاندەر بریندارکران ‌و ۳ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

دوای کۆتایی هاتنی ئاڵۆزییەکان لەبەردەمی مەڵبەند و پەرتبوونی خۆپیشاندانەکە، من چوومە نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە کە بریندارەکانیان دەهێنا بۆ بەشی فریاکەوتنی ئەو نەخۆشخانەیە و بارودۆخی بریندارەکانم رووماڵ دەکرد، بینیم بەشێکی زۆریان گولەیان بەرکەوتبوو ئه‌وانی‌ تریش به‌ لێدان بریندار بوو بوون، تەندروستی هه‌ندێكیان ناجێگیربوو دوای ۹ رۆژیش مانەوەی لە نەخۆشخانە یەک لەو بریندارانە بەناوی هێرش عومه‌ر كه‌ مامۆستا بوو فیشه‌ك به‌ر پشتی‌ ملی‌ كه‌وتبوو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە کۆچی دوایی کرد.

 

ئه‌و كاته‌ی‌ له ‌نزیك نه‌خۆشخانه‌ رووماڵم ده‌كرد، هه‌ندێ‌ له‌ دۆسته‌كانم ئاگاداریان كردمه‌وه‌ كه‌ هێزێكی‌ ئه‌منی‌ به‌دوای‌ مندا ده‌گه‌ڕێن ‌و به‌ رێگاوه‌ن به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ تا ده‌ستگیرم بكه‌ن، بۆیه‌ ده‌مه‌و عه‌سر خێرا چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ و سواری‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌م بووم ‌و كۆیه‌م به‌ره‌و شارێكی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان جێهێشت، ناوی‌ شاره‌كه‌ لای‌ ئیدیته‌ری‌ ئه‌م چیرۆكه‌ پارێزراوه‌.

دواتر زانیم به ‌پێی‌ دوو سكاڵای‌ ئاسایش‌ و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به ‌تۆمه‌تی‌ "هاندانی‌ خۆپیشاندان ‌و په‌لاماردانی‌ باره‌گا حیزبییه‌كان" دادوه‌ر فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ده‌ركردبووم، له‌ بارێكی‌ ئاساییدا بوایه‌ خۆم به‌پێی‌ خۆم ده‌چووم بۆ لای‌ پۆلیس، به‌ڵام ئه‌و ماوه‌یه‌ كۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ ئه‌منی‌ به‌سه‌ردا زاڵكرابوو چەند خۆپیشاندەرێک ده‌ستگیر كرابوون‌ و هه‌ندێكیان عه‌زێت درابوون.

ئه‌و ماوه‌یه‌ جارێك هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چووبوونه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌مان تا ده‌ستگیرم بكه‌ن، كه‌ زانیبوویان له ‌ماڵ نیم ئینجا ئه‌وێیان جێهێشتبوو.

مادده‌كانی‌ (221و 229)ی‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن بۆ خالید محه‌مه‌د ده‌رچووه‌، یه‌كه‌میان په‌یوه‌سته‌ به‌و كه‌سه‌ی‌ هانی‌ گردبوونه‌وه‌ و به‌لاڕێدابردنی‌ ده‌دات ‌و دووه‌میشیان په‌یوه‌سته‌ به‌هێرشكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی‌ میری‌ ئه‌وانه‌ی‌ له ‌ئه‌ركی‌ فه‌رمیدان، بۆ یه‌كه‌میان ده‌شێ‌ سزاكه‌ی‌ بگاته‌ یه‌ك ساڵ ده‌ستگیركردن ‌و دووه‌میشیان سێ‌ ساڵ.

هه‌واڵی‌ ئه‌و پێشێلكارییه‌ی‌ به‌رامبه‌ر من كرا له‌چه‌ند میدیایه‌ك بڵاوبووه‌وه‌، خۆیشم پەیوەندیم بەچەند رێکخراوێکی ناوخۆییەوە کرد گوتیان دەنگت دەگەیەنین بە کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا، ئیتر نازانم ئەو دەنگە گەیشت یان نا.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا کە لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیکای رۆژنامەنووسان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ لە هەولێر رێکی خستبوو، هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر دۆسییەکەی من بە لیژنەکە رادەگەیەنێت، ئەوانیش روونی دەکەنەوە کە رۆژنامەنووسەکان خۆیان ناچن ئەو دۆسێیانە لای سەندیکا تۆمار بکەن.

 

سەڕەرای ئەو پێشێلکارییەی بەرامبەرم کرا، نەک هەر دەرفەت نەبوو سکاڵا بکەم، بەڵکو دەبوو لە ترسی دەستگیرکردن خۆم حەشار بدەم، وەک دەڵێن فیرارم کردبوو لە سەردەمی رژێمی بەعس دەستەواژەی فیرار زۆر بەربڵاوبوو بۆ ئەو کەسانەی لە سەربازی هەڵدەهاتن‌ و لە ترسی دەستگیر کردن خۆیان حەشار دەدا.

هه‌رچه‌نده‌ كاتی‌ مانه‌وه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆیه‌ زیاتری‌ بخایه‌ندایه‌، سه‌ره‌نجام هه‌ر ده‌بوو بچمه‌وه‌ شاره‌كه‌م، چونكه‌ ماڵ ‌و حاڵم له‌وێیه‌ و شه‌ش ساڵیشه‌ هه‌ر له‌وێ بۆ ئێن ئاڕ تی‌ كارده‌كه‌م.

دوای‌ مانگێك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ كه‌مێك هێور بووه‌وه‌، چوومه‌وه‌ كۆیه ‌و به‌پێی‌ خۆم چوومه‌ لای‌ ئاسایش خۆم راده‌ستكرد، ئاسایش بردیانمه‌ به‌رده‌م دا‌دوه‌ر.

دادوه‌ر له‌باره‌ی‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌وه‌ پرسیاری‌ لێكردم، منیش ره‌تم كرده‌وه‌ و رامگه‌یاند جگه‌ له ‌رایی كردنی‌ كاری‌ فه‌ڕمی ‌‌و رێپێدراوی‌ خۆم بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌، هیچ تاوانێكم نه‌كردووه ‌و له ‌هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ بێبه‌ریم، سه‌ره‌نجام دادوه‌ر فه‌رمانیدا به‌ كه‌فاله‌تی‌ چوار ملیۆن دینار ئازادبكرێم هه‌تا رۆژیی دادگایی كردن، تائێستاش ئه‌و دۆسێیه‌ وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌.