سەردێڕ:

پێدانی قەرزی نیشتەجێبوون بە هاوڵاتیانی عێراق دەستیپێکردەوە

فۆتۆ: 
2020-08-03

17372 جار خوێندراوەتەوە

سندوقی نیشتەجێبونی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی ٢ی ئەم مانگەوە دەرگای پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبون لە رێگەی لینکی ئەلیکترۆنیەوە لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستیپێکردووەتەوە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بوژانەوەی داهاتی عێراق، بەغدا دەستیکردەوە بە پێدانی پێشینەی خانوبەرە، بەڵام لە هەرێم ساڵانێکە ئەو پێشینەیە نەماوە و هیچ پلانێکیش بۆ دەستپیکردنەوی نیە.

سندوقی نیشتەجێبونی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و شارەوانیەکانی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی دووی ئەم مانگەوە دەرگای پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبون لە رێگەی لینکی ئەلیکترۆنیەوە لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستپێکردووەتەوە.

سندوقی نیشتەجێبونی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبون بۆ مانگی ئاب و پێشکەشکردنی داواکاری بۆ (کەشفکردنی خانوی نیشتەجێبون) لە رێگەی ئەلیکترۆنیەوە دەستیپێکردوەتەوە. باسی لەوەشکردووە، ریزبەندی ئەو کەسانەی داواکاری پێشکەش دەکەن لە رێگەی ئەو وادەیە دەبێت کە لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیدا تۆماردەکرێت.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان لەسەرەتای قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠١٤ سەرجەم پێشینەکانی وەک خانوبەرە و کشتوکاڵ و هاوسەرگیری وەستێنران، لە کاتێکدا وەرگرتنەوەی قستی ئەو پێشینانە هەر بەردەوامن، لە کاتی دامەزراندنیشیدا بڕیاربوو سندوقی خانوبەرە سندوقێکی سەربەخۆ بێت و پارە وەرگیراوەکانیش بخرێنەوە سندوقەکە و دووبارە وەک پێشینە بدرێنەوە بە هاوڵاتیان، بەڵام نە پێدانی پێشینەکە دەستیپێکردەوە و نە دەشزانرێت ئەو داهاتە بۆ کوێ دەچێت.

وەستاندنی پێشینەکان بەتایبەت خانوبەرە، کاریگەری خراپی کردە سەر بازاڕی خانوبەرە و کەسابەتی هاوڵاتیان، بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە کەرتی تایبەت و لەبواری خانوبەرە کار دەکەن نەمانی پێشینەی خانوبەرە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی بیناسازی کارگەکانی دروستکردنی کەرەسەی بیناسازی بێکار کرد.

بەڵام حکومەتی هەرێم لەکاتی زیادبوونی داهاتەکەشی بیری لە دەستپێکردنەوی نەکردەوە، بەوتەی پەرلەمانتارانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش لە ساڵی ٢٠١٩ حکومەتی هەرێم زیاتر لە ساڵانی پێش قەیرانی دارایی داهاتی هەبووە، بە جۆرێک لەو ساڵەدا داهاتەکەی زیاتر بووە لە ١٥ ملیار دۆلار، کە بریتی بوون لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و هاتنی ٤٥٣ ملیار دیناری مانگانە لە بەغداوە، بەڵام ئەم حکومەتە هیچ پلانێکی نەبوو بۆ بوژانەوەی ئابوری ناوخۆیی و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت لەرێگەی پێدانی پێشینەکانەوە، تاکو هاوتیان چاویان لەسەر دامەزراندن لە کەرتی حکومەتدا نەبێت.

ئەو کات بیانووی حکومەت دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و دانەوەی قەرزەکانی سەر حکومەت بوو، کەچی لەلایەک قەرزەکانی کەمیان نەکرد، چونکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە وتارێکدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم بڕی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە، لەلایەکی دیکەوە حکومەت نەشیتوانی مووچەی هەموو مانگەکانی ساڵی ٢٠١٩ بەبێ پاشەکەوت و لەکاتی خۆیدا دابەش بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا بەشێک لە بەرپرسان و لایەنگرانی دەسەڵات رەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرن و بە کەمتەرخەم لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان تۆمەتباری دەکەن.