سەردێڕ:

کازمی پێشوازیی لەو مێردمنداڵە کرد کە سوکایەتی پێکرا

فۆتۆ: 
2020-08-03

13878 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازیی لە حامید سەعید کرد ئەو مێردمنداڵەی کە لە لایەن ھێزێکی ئەمنیەوە لە بەغدا سوکایەتی پێکرابوو و ئەشکەنجەش درابوو.

مستەفا كازمی لە دوای پێشوازیکردن لە حامید سەعید، داوای لێبوردنی لێ کرد و بەڵێنیشیدا ئەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەكان کە ئازاریان داوە رەوانەی دادگا دەكات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

هاوکات، لەمیانی چاوپێکەوتنەکەدا، مستەفا کازمی بڕیاریدا بە دابینکردنی پارێزەرێک بۆ یارمەتیدانی دۆسیەکەی لەرووی یاساییەوە و پەیمانیدا تێچووی تەواوکردنی خوێندنەکەی لە ئەستۆ بگرێت.

ئەو پێشوازیەی سەرۆک وەزیران لە محەمەد، کاردانەوەی بەشێک لە چالاکوانانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و باسی قژبڕینی هێمن بنەسڵاوەیی و لێدان لە مامۆستاکەی هەولێر و چەندین نمونەی دیکەیان کردوە کە لە هەرێم روویانداوە و بکەرانیان سزا نەدراون.

لە ماوەی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە تێدا مێردمنداڵێک لەلایەن چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانەوە لە بەغدا سوکایەتی پێکرا و قژی بە چەقۆ بڕا، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و دواتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەسانەیان دەستگیرکردوە کە سوکایەتیان بە مێردمنداڵەکە کردوە.