سەردێڕ:

دژەتیرۆری عێراق: شێوازێکی نوێی داعشمان دۆزیوەتەوە

فۆتۆ: 
2020-08-02

6429 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپراسیۆنێکی گەورە دژی چەکدارانی داعش ئەنجامدەدەن، دەشڵێت، "شێوازێکی نوێیان دەستنیشانکردووە کە چەکدارانی داعش بەکاریدەهێنن."

ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولوەهاب ساعیدی فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، دەزگای دژەتیرۆر کاری هەواڵگری و سەربازی لە سەرانسەری عێراق ئەنجامدەدات و دەشڵێت، "ئۆپراسیۆنی دەزگاکە لەدژی پاشماوەکانی چەکدارانی داعش بەردەوامە."

ئاماژەى بەوەشکردووە، "دەزگای دژەتیرۆر شێوازێکی نوێیان دەستنیشانکردووە کە چەکدارانی داعش بەکاریدەهێنن و لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئۆپراسیۆنێکی گەورە ئەنجام دەدرێت."

ئاماژەى بەوەشکرد، "لەبارەى ئۆپراسیۆنەکەوە هەماهەنگی لەنێوان دەزگای هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی و پۆلیسی فیدڕاڵی هەیە."  

لە ماوەی رابردوودا، لە عێراقدا چەند ئۆپراسیۆنێک بە ناوی پاڵەوانەكانی عێراقەوە بە ئامانجی راوەدونانی چەکدارانی داعش ئەنجامدرا، كە لە میانیاندا، چەندین چەکداری داواکراو دەستگیرکران و ژمارەیەك چەکداری دیکەش كوژران و ژمارەیەك حەشارگەش خاپوركران.