سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: بۆ ئامادەکردنی یاسایی بودجە لیژنەیەک پێکهێنراوە

فۆتۆ: 
2020-08-02

2313 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بۆ ئامادەکردنی پرۆژە یاسایی بودجەوە لیژنەیەک پێکهێنراوە، دەشڵێت، "بەهۆی پەسەندکردنی یاسایی قەرز لە پێشودا، پێموانیە پرۆژە بودجەی ئەمساڵ ئامادەبکرێت."

ناجى سەعیدى ئەندامى لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێڕاق، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، "لەبارەى پێکهێنانى لیژنەیەکى ستراتیژى بۆ ئامادەکردنى پڕۆژەى یاسایی بودجەى ساڵی ٢٠٢١، لە وەزارەتى داراییەوە نوسراوێک گەیشتووەتە دەست لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى داراییدا دواى پشووى جەژن لیژنەکە دەستبەکاردەبێت."  

باسی لەوەشکردووە، "بەهۆی دابەزینی داهات و پەسەندکردنی یاسایی قەرز لەلایەن پەرلەمانەوە کۆتایی بە پرسی بودجە هات و پێموانییە پرۆژە یاسایی بودجەی ئەمساڵ ئامادەبکرێت، چونکە لەم ساڵدا یاسایی قەرز بوو بە جێگرەوەی یاسایی بودجە."

لە ٢٤ی حوزەیراندا، پەرلەمانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە یاسایی قەرزی ناوخۆی و دەرەکی پەسەند کرد.

بە پێی یاسایی کورتهێنانی بودجە رێگە بە حکومەت دەدرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، بڕى پێنج ملیار دۆلار قەرزى دەرەکى و ١٥ ترلیۆن دینار قەرزى ناوخۆیی بکات.