سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: دەروازە نافەرمییەکانى هەرێم مەترسى دروست دەکەن

فۆتۆ: 
2020-08-02

8207 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دەروازە سنورییە نافەرمییەکانى هەرێمى کوردستان مەترسى ئەمنى و ئابورى لەسەر وڵات دروست دەکات.

کازم رکابى ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق بە میدیا عێراقییەکانى راگەیاند، چەند دەروازەیەکى سنورى لە هەرێمى کوردستاندا هەن، کە لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى ناوەندی و تەنانەت حکومەتى هەرێمیشدا نین.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە لەسەر حکومەتى عێراق بەپەلە هەوڵبدات ئەو دەروازانە بیخاتە ژیر دەسەڵاتی خۆیەوە و بیخاتە چوارچێوەیەکى یاساییەوە.

لە هەرێمى کوردستان چەند دەروازەیەکى فەرمى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێدا هەن لەوانە پەروێزخان و حاجى ئۆمەران و باشماخ لەگەڵ ئێران و دەروازەى ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا، بەڵام چەندین دەروازەى سنورى نافەرمیش لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە و سوریادا هەن.

ئەوەش لەکاتێکدا، حکومەتى نوێى عێراق هەڵمەتێکى کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنورییەکانى ناوەراست و خوارووى عێراقى دەستپێکردووە، کە حکومەت بە سەرچاوەى بەهەدەردانى ملیاران دۆلارى ساڵانەیان دادەنێت.