سەردێڕ:

یەکەمین بڕیاری کازمی دوای ئازاردانی مێرمنداڵەکە

فۆتۆ: 
2020-08-02

43749 جار خوێندراوەتەوە

مستەفا کازمی بڕیاریدا فەرماندەى هێزی پاراستنی یاسا لەسەر کارلابدات دوای ئەوەی دوێنێ، هێزەکەی سوکایەتییان بە مێرمنداڵێک کرد و بڵاوبوونەوەى گرتە ڤیدیۆیەکەی شەقامی عێراقیدا کاردانەوەی لێکەوتەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەعد خەلەف بەدر عەواد فەرماندەى هێزی پاراستنی یاسای لە پۆستەکەی دورخستووەتەوە و ناردویەتییە بەڕێوەبەرایەتی ئیمرە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "مستەفا کازمی بڕیاریشی داوە سەرلەنوێ چاو بە هەیکەلیەتی هێزی پاراستنی یاسا بخشێنێتەوە و پێداچوونەوە بە هەڵسوکەوت و چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەندامانی هێزەکەدا بکات، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ ئەو ناوەى هەڵیانگرتووە بگونجێن، کە ئامانجی یەکەمیان پاراستنی خۆپیشاندەرانە."

هەر ئەمڕۆ، وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، سەرجەم ئەو ئەندامانەى هێزە ئەمنییەکانیان دەستگیرکردووە کە لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا دەردەکەون ئەشکەنجەى مێرمنداڵێک دەدەن.

ماوەى دوو رۆژە، گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا بڵاوبووەتەوە، کە تێیدا مێرمنداڵێک دەردەکەوێت لەلایەن چەند ئەندامێکى هێزە ئەمنیەکانەوە لێیدەدرێت و قژى بە چەقۆ دەبڕدرێت و وتەى ناشرینى پێدەوترێت.