سەردێڕ:

عێراق داهاتی گومرگی مانگی رابردووی ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2020-08-02

15871 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی گشتیی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، "کۆی گشتی داهاتی گومرگەکان لە مانگی تەمموزی رابردوو گەیشتووەتە ٧٦ ملیار دینار."

دەسەڵاتی گشتیی گومرگەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "کۆی گشتی داهاتی گومرگەکان لە مانگی تەمموزی رابردوو گەیشتووەتە ٧٦ ملیار دینار، لەگەڵ ئەوەی رێژەی هاوردەکردن بەهۆی داخرانی زۆربەی دەروازە سنورییەکان لەماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکرد."

باسی لەوەشکردووە، "گومرگی عێراق پشکی هەبووە لە ئاسانکردنی هاتنەناوەوەی هەزاران بارهەڵگری گواستنەوەی دەرمان و پێداویستییە تەندروستیی و خۆراکییەکان، بە هەوڵ و چاودێری راستەوخۆی ئیدارەی باڵای گومرگ، هەموو کاتێک سنوور کراوە بووە بۆ گواستنەوەی پێداویستییە مرۆییەکان، بەتایبەت لەم کاتەدا کە قەیران رووی لە وڵات کردووە."

دەشڵێت، "سوورین لەسەر ئەوەی بڕی داهات لە گومرگەکان زیادبکەین بۆ پشتگیریکردنی گەنجینەی دەوڵەت و روبەروبوونەوەی ئەو کێشە ئابووریانەی کە توشی وڵات بووە."

لەماوەی رابردوودا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، زۆرێک لە دەروازە سنورییەکان بەرووی بازرگاناندا داخران، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئابوری وڵات دروستکرد و قەیرانی دارایی لێکەوتەوە.