سەردێڕ:

تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ هەرێم و عێراق هەڵپەسارد

فۆتۆ: 
2020-08-02

18289 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى تورکیا، لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، تاوەکو رۆژی ١ی ئەیلولی ٢٠٢٠، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و عێراقی هەڵپەسارد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى تورکیا گەشتەکانى لەگەڵ عێراق هەڵپەسارد و دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى عیراقیش هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکدا دەسەڵاتى فرۆکەوانى مەدەنى عێراق کەشتیاران ئاگاداردەکاتەوە کە دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى تورکیا گەشتەکانى لەگەڵ عێراق تاوەکو ١ى مانگى ئەیلول راگرتووە ئەوەش لەسەر رێنمایی وەزارەتى تەندروستى ئەو وڵاتە.

لەبارەی رێکارەکانى گەشتکردن بۆ هاوڵاتیانى عێراق بە مەبەستى گەرانەوەیان لە تورکیاوە بۆ عێراق، ئاماژەی بەوەکردووە، لەرێگەى کەناڵە دیپلۆماسییەکانى هەردوو وڵاتەوە چارەسەردەکرێت.

دوێنێ، دوای نزیکەی پێنج مانگ لە راگرتنی، فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان بۆ تورکیا راگەیاند.

پێشتر، بۆ بەرگرتن  لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، لە ١٧ی ئازاری ئەمساڵ گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگیران، لە ماوەی رابردوودا تەنیا رێگە بە گەشتی فڕۆكەكانی كارگۆ، سەربازی، دیپلۆماسی، گەشتە ناچارییەكانی هاتنەوەی هاوڵاتیان لە دەرەوەی وڵات دراوە.