سەردێڕ:

وەزارەتى ناوخۆ: دەستدرێژیکارانى سەر مێردمنداڵەکەمان دەستگیرکرد

فۆتۆ: 
2020-08-02

172164 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، سەرجەم ئەو ئەندامانەى هێزە ئەمنییەکانیان دەستگیرکردووە کە لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا دەردەکەون ئەشکەنجەى مێرمنداڵێک  دەدەن.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتى ناوخۆى عێراق بڵاویکردەوە، بە فەرمانى سەرۆک وەزیران و وەزیرى ناوخۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوى دەستدرێژیکردنە سەر مێرمنداڵێکی عێراقى کراوە و سەرجەم ئەو کەسانە ناسراونەتەوە و دەستگیرکراون، رووداوەکەشی بە تاوانکارى ناوبرد.

وەزارەتى ناوخۆ ئەوەشى ئاشکراکردووە، کە ئەو مێرمنداڵەی تاوانەکەى لەدژ ئەنجامدراوە لە بەرێوبەرایەتى نەهێشتنى تاوان بە تۆمەتى دزینى ماتۆڕسکیلێک دەستگیرکراوە، رووداوى دەستدرێژیکردنەکەش ٢٠ رۆژ پێش رێکەوتى دەستگیرکردنەکەى روویداوە.

ماوەى دوو رۆژە گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە کە تێیدا مێرمنداڵێک دەردەکەوێت لەلایەن چەند ئەندامێکى هێزە ئەمنیەکانەوە لێیدەدرێت و قژى بە چەقۆ دەبڕدرێت و وتەى ناشرینى پێدەوترێت.