سەردێڕ:

نیویۆرک تایمز: سیاسەت لە عێراقدا هاوشێوەی جەنگە لەگەڵ مافیاکاندا

فۆتۆ: 
2020-08-02

21584 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی راپۆرتێکى بڵاوکردووەتەوە و تیایدا بەوردیى باس لە دۆخى ئێستاى حوکمڕانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکات.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی راپۆرتێکى لەژێر ناونیشانی "عێراق لەژێر حوکمی دزەکاندا" بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هاتووە، "سیاسەتمەدارانی عێراقی نزیکەی (١٥٠ ملیار) دۆلاریان لە بانکەکانی دەرەوەدا داناوە، هەندێک دەڵێن بڕی پارەکە زیاترە و دەگاتە (٣٠٠ ملیار) دۆلار.

هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە، "سەدام حسێن فەرمانڕەوایەکی ستەمکار بوو، بەڵام لەسەردەمی ئەودا مامەڵەی دارایی خاوێن بوو بەتایبەتی لە هەشتاکاندا". هەروەک باسى لەوەشکردووە کە نوری مالیکی لە مێژووی عێراقدا لە هەمووان زیاتر یارمەتی تۆڕی دزەکانی دا و ئەمە هۆکاربوو بۆ دەرکەوتنی "داعش" لە ساڵی ٢٠١٤دا.

راپۆرتەکە سیاسەتکردنى لە عێراقدا بە جەنگەڵ ناوبردووە و نووسیویەتى "سیاسەت لە عێراق هاوشێوەی جەنگە لەگەڵ مافیاکاندا".

نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە کە زۆرینەی ئەوانەی لە عێراق بانگەشەی چاکسازی دەکەن و ئەوانەی کە باڵی چەکداریان هەیە هەژموونی خۆیان بۆ ئەوە بەکاردەهێنن کە وەزارەت لەناو حکومەتدا بەدەستبهێنن، هاوکات نووسیویشیەتى وەزارەتی تەندروستی لای سەدرییەکانە، وەزارەتی ناوخۆ ماوەیەکی دوورودرێژە لای بەدرییەکانە، وەزارەتی نەوت لای حیکمەیە.

لەراپۆرتەکەى نیویۆرک تایمزدا هاتووە، "یەکێک لە وەزیرە دەستپاکەکان ڤاکسینێکی بۆ وەزارەتی تەندروستی بە (١٥ ملیۆن) دۆلار دۆزیوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدا بووە وەزیری پێش خۆی ڤاکسینەکەی بە (٩٢ ملیۆن) دۆلار کڕیوە، ئەمە وایکردووە وەزیرە دەستپاکەکە رووبەڕووی دژایەتی ببێتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی وەزارەتەکەیەوە".

نووسیویشیەتى بەرپرسانی سیاسی ئەوانەی کە خەریکی ئەم کەسابەتە نایاساییەن خەڵکانی ناسراون، هەندێکیان لە هاوپەیمانە موخڵیسەکانی ئەمریکان.

سەبارەت بە هەرێمى کوردستانیش راپۆرتەکە بەخراپى باس لە حوکمڕانى هەرێم دەکات و نووسیویەتى، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گرێبەستەکان و بانکی ناوەندیدا لە ناوچەکەیان بەکارهێناوە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن".

هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە: گەندەڵی رێڕەوێکی جێگیرە لە سیاسەتی عێراقدا، بەتەنیا دەستبردن بۆی، دەبێتە هۆی کوژرانی خۆت و خانەوادەکەت، هەندێک لە میلیشیاکان کۆمپانیای زەبەلاح و ئیمپراتۆریەتی ئابورییان لەناو عێراقدا بنیادناوە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادیش بەتەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکاندایە، هەروەک میلیشیاکانی عێراق دەستیان بەسەر بەندەر و رێڕەوە سنورییەکانیشدا گرتووە.

راپۆرتەکەى نیویۆرک تایمز ئاماژەى بەوەداوە کە ئەمریکا بەرپرسە لە هەموو ئەو شتانەی لە عێراق روودەدەن، ئەمریکا ملیاران دۆلاری لە عێراقدا خەرجکردووە و دەشزانێت ئەو پارانە بۆ میلیشیاکان دەڕۆن، بانکی ناوەندیی عێراقی هەندێک کار دەکات کە وادەکات پارەی زیاتر و زیاتر بۆ رێکخراوە تیرۆرستییەکان بڕوات بەتایبەتیش لە بابەتی خستنە بازاڕی دۆلاردا، دۆلاری مەزادکراوی عێراق بووە سەرچاوەی خۆراکی جەنگی سوریا و تیرۆری لەو وڵاتە زیندووکردەوە و کۆمپانیا وەهمییەکانی عێراق لە رێگەی ئەو دراوە قورسەی کە لە بانکی ناوەندییەوە دەستیان کەوتووە خانووبەرەیان لە لەندەن کڕیوە.

هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە دزی لە عێراق زۆر روونە، ساڵی ٢٠١٧ بەغداد بە بەهای (ملیارێک و ٦٦ ملیۆن) دۆلار تەماتەی لە ئێران کڕیوە، ئەم رێژەیەش بەبەراود بە ساڵی پێشتر (هەزارجار) زیاتر بووە، ئەمەش پرۆسەی سپیکردنەوەی پارەیە، سەختە بتوانرێت رێژەی ئەو ملیارە دۆلارانە ئەژماربکرێت کە تەنیا لە رێگەی نرخی گۆڕینەوەی دۆلارەوە دزراون.

راپۆرتەکە باسى لەوە کردووە کە یەکێک لە بانکە ئەهلییەکان (٤ ملیار) دۆلاری لە بانکی ناوەندی راکێشاوە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەو بانکە تەنیا ژوورێک و کۆمپیوتەرێکە، تەنانەت تا ئەوکاتەی کە حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەرانیش دابەش دەکات لە بانکە حکومی و ئەهلییەکاندا سپیکردنەوەیەکی گەورەی پارە دەکرێت.

هاوکات، نیویۆرک تایمز باسى لە کۆمپانیاى کارتی "کى کارد" کردووە و بە یەکێک لە دیارترین رێگا چەپەڵەکانی دزیکردن لە عێراق ناوی بردووە، هاوکات، باسى لەوەش کردووە کە حەشدی شەعبی نزیکەی (٧٠ هەزار) کارمەندی بندیواری لە کارتی " کى کارد" دا تۆمارکردووە، ئەمەش بە سوود گەڕاوەتەوە بۆ ئەو میلیشیایانەی سەربە ئێرانن، لەکۆتایى راپۆرتەکەشدا نیویۆرک تایمز نووسیویەتى تاکی عێراقی رۆشناییەک لە ئاسۆدا بەدی ناکات.