سەردێڕ:

دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-08-01

2832 جار خوێندراوەتەوە

دواجار مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی دیاریکرد، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو.

دوای تێپەڕبوونی ٣ مانگ بەسەر دەستبەکار بوونی مستەفا کازمی، وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆتاییدا رۆژی شەشی حوزەیرانی ٢٠٢١ی وەکو وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاری کرد و رایگه‌یاند، ململانێی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیری عێراق ده‌كه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیرده‌كه‌ن، كه‌ خۆپیشانده‌ران به ‌ئامانج ده‌گرن و رووبه‌ڕووی یاسایان ده‌كه‌نه‌وه‌.

کازمی، لە وتارێکدا رایگەیاند، گرنگترین ئامانجی حکومەتەکەی ئامادەکاری و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێکە لەسەر خواستی میللەت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بەمەستی رزگارکردنی وڵات لە داڕوخان زنجیرەیەک گۆڕانکاریی کردووە شکۆی بۆ وڵات گەڕاندووەتەوە و رێگەنادەن عێراق بکرێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوەدەوڵەتی، و هەڵمەتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەروازە سنورییەکان بەمەبەستی گەڕانەوەی شکۆی دەوڵەت بوو.

هاوکات، جینین بلاسخارت نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق له ‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت داواكاریه‌كی سه‌ره‌كی هاوڵاتیانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌قامگیری و دیموكراسی له‌ عێراق، ئاماده‌ن هه‌موو هاوكاریه‌كی هونه‌ری پێشكه‌ش بكه‌ن ئه‌گه‌ر عێراق داوای بكات، بۆ دڵنیاییدان له‌ هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و پاك، به‌جۆرێك كه‌ جه‌ماوه‌ر متمانه‌ی پێی هه‌بێت.

بلاسخارت باسی له‌وه‌شكردوه‌، به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و دوور له‌ ساخته‌كاری ده‌بێته‌ هۆكار بۆئه‌وه‌ی سیستمی سیاسی چالاكی زیاتر به‌خۆوه‌ ببینێت و هاوڵاتیانیش متمانه‌یان زیاتر بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ره‌خساندنی بوارێك تا هاوڵاتیان بتوانن باشترین نوێنه‌ری سیاسی بۆ خۆیان هه‌ڵبژێرن.

لای خۆشیەوە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆكی لایەنە سیاسییەكان كرد كۆبونەوەیەكی بەپەلە ئەنجامبدەن بە مەبەستی دیاریكردنی رێكەوتێكی زووتر لەوەی موستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە وڵاتەكە.

حەلبوسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەو داواكارییەی خستوەتەڕوو و تێیدا جەختی كردوەتەوە، حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان شكستیانهێناوە لە جێبەجێكردنی بەرنامە حكومیی و پڕۆگرامە وەزارییەكانیان، ئەوەش بوەتە هۆی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكانی گەل.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، ناوبراو رایگەیاندبوو، ئەرکی سەرەکیی ئەو حکومەتە سەقامگیریی دۆخی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، کە داواکاریی خۆپیشاندەران و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانە.