سەردێڕ:

کازمی: حکومەت سورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت

فۆتۆ: 
2020-07-30

1510 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت سورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.

نوسینگەی رۆژنامەوانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە میانی دیدارەکەدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە، هەروەها دابینکردنی پێدوایستییەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی لەو وادەیەی کە بڕیارە دیاری بکرێت، کراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە میانی دیدارەکەدا کازمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەت سورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، کە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی کارنامەی حکومەت.

هاوکات، کازمی ئامادەیی حکومەتی نیشانداوە لە دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی دەکەوێتە ئەستۆی، بەتایبەت تەرخانکردنی خەرجی پێویست بۆ کۆمسیۆن و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لەسەر بنەما و پێوەری نێودەوڵەتی.

باس لەوەشکراوە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، کازمی داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە پەلە بکەن لە دەرچواندنی یاسای هەڵبژاردنەکان وەک مەرجێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارامدا.

پێشتریش، مستەفا کازمی رایگەیاند، بە زووترین کات کاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دیاریدەکەین و وتیشی، "هەر کەسێک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حکومەت هەیە، با چاوەڕێی هەڵبژاردنەکان بێت نەک حکومەت پەکبخات."