سەردێڕ:

مستەفا کازمی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-07-29

2986 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، کار دەکەن لەسەر تێپەڕاندنى هەڵەى هەڵبژاردنەکانى پێشووى عێراق.

نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق پێشوازیکردووە لە جنین پلاسخات نێردەى تایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و باسیان لە هاریکارى نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق لە بوارى سەقامگیرى عێراق و هەڵبژاردنى پێشوەختە کردووە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، سەرۆک وەزیرانى عێراق جەختیکردووەتەوە، حکومەتى عێراق سورە لەسەر ئەوەى هەڵبژاردنى پێشوەخت لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا کە دواتر رایدەگەیەنن ئەنجامبدرێت و هەڵبژاردنێکى ئازاد و پاک بێت، بە جۆرێک لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت، لەو رووەشەوە جەختى لە رۆڵى نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە بۆ پاڵپشتى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە رووى هونەرى و راهێنانەوە.

هاوکات هەردوولا باسیان لە خۆپیشاندانەکانى ئاشتیانە کردووە و کازمى جەختیکردووەتەوە ئەرکى حکومەت پاراستنى خۆپیشاندەران و وەڵامدانەوەى داواکارییەکانیانە و هەروەها سورە لەسەر کۆتایی پێهێنانى مەلەفى لێکۆڵینەوەکان لەبارەیەوە.

هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخى ئەمنى ناوچەکانى کەرکوک و شەنگال و ناوچەکانى دیکە و هەوڵەکانى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتى ئێستاى عێراق کاتییە و ئەرکى سەرەکى ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت.