سەردێڕ:

عێراق پێش جەژن پارە بەم کەسانە دەدات

فۆتۆ: 
2020-07-28

23480 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، کازمی بە تەواوی پەیوەستە بە پاراستنی خۆپیشاندەران، دەشڵێت، " ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە، بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە ٧٥ هەزار دینار جەژنانە بەسەر هەژاراندا دابەشبکات."

ئەحمەد مەلا تەلال وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەست بوونی تەواوەتی خۆی بە پاراستنی خۆپیشاندەران دووپاتکردەوە و داواشی لە وەزیرەکان کردووە بڕۆنە ناو شەقام و گوێ لە داواکاری خۆپیشاندەران بگرن."

باسی لەوەشکرد، "سەرۆک وەزیران داوای کردووە بە هیچ شێوەیەک چەک دژی خۆپیشاندەران بەکارنەهێنرێت"، جەختی لەوەشکردووەتەوە، "پێویستە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە خۆپیشاندەران بپارێزن."

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە، بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە ٧٥ هەزار دینار جەژنانە بەسەر هەژاراندا دابەشبکات."

ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیاریشدراوە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان دابمەزرێنێت."

پێشتر، وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەوەکردەوە، پێش جەژنی قوربان موچەی گشت فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەکات.

ئومێد محەمەد، بەغدا