سەردێڕ:

عێراق رێککەوتنێکی لەبارەی ڤیزاوە لەگەڵ تورکیادا هەڵپەسارد

فۆتۆ: 
2020-07-28

17945 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنی ساڵی ٢٠٠٩ی تایبەت بە ڤیزای لەگەڵ تورکیا هەڵپەساردووە. دەشڵێت، "ئەم بڕیارە لە کاردانەوەی تورکیادایە کە کارکردنی بە رێککەوتنەکە راگرتووە."

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "کە لە رێککەوتنی ڤیزای ساڵی ٢٠٠٩دا هاتووە، هاوڵاتیانی هەردوو وڵات لە دەروازە سنورییەکاندا دەتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان مۆری ڤیزا وەربگرن، بەڵام تورکیا لای خۆیەوە کارکردنی بەو رێککەوتنە راگرتووە."

باسی لەوەشکردووە، کە عێراقیش لە کاردانەوەی ئەو هەنگاوەی تورکیادا کارکردن بەو رێککەوتنەی ساڵی ٢٠٠٩ هەڵدەسپێرێت و رایدەگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەش دەڵێت، کە لەبارەی بڕیارەکەوە، باڵیۆزخانەی گشتی کۆماری تورکیای لە بەغدا ئاگادارکردووەتەوە و گفتوگۆکانیش بەردەوامن بۆ گەیشتن بە چارەسەر یان رێککەوتنێکی دیکە.