سەردێڕ:

وەزیرى کارەبای عێراق: ٤٥٠ مێگاوات کارەبا لە هەرێمەوە هاوردە دەکەین

فۆتۆ: 
2020-07-28

7324 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا بەرهەمى کارەباى هەرێم بەتەواوى بەشى بەکارهێنانى ناوخۆى ناکات، بەڵام وەزیرى کارەباى عێراق رایگەیاند، بڕی ٤٥٠ مێگاوات کارەبا لە هەرێمى کوردستانەوە هاوردەى پارێزگاکانى عێراق دەکەن.

نوسینگەى راگەیاندنى پارێزگارى نەجەف بڵاویکردەوە، ماجد مەهدى حەنتوش وەزیرى کارەباى عێراق بەڵێنیداوە لە هەفتەى داهاتووەوە پشکى کارەباى نەجەف زیاد بکات، ئەوەش پاش کۆبوونەوەی لوئەى یاسرى پارێزگارى نەجەف و عەدنان زورفى پەرلەمانتارى عێراق لەگەڵ وەزیرە کارەبادا.

لە راگەیەنراوەکەى پارێزگارى نەجەفدا ئەوەش هاتووە وەزیرى کارەباى عێراق باسى لەوەکردووە، چارەسەریان داناوە بۆ زیادکردنى بڕى کارەبا، ئەوەش بە هێنانى ٤٥٠ مێگاوات کارەبا لە هەرێمى کوردستان و ٢٠٠ میگاواتیش لە تورکیاوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى ناوخۆیی، هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر شەش هەزار مێگاوات کارەبا هەیە و لە ئێستادا ناتوانێت کارەباى تەواو بداتە هاوڵاتیان و دۆخى کارەباى نیشتمانى لە هەرێم لە ئاستێکى خراپدایە.