سەردێڕ:

یەکەم لێدوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کوژرانی خۆپیشاندەرەکانی بەغدا

فۆتۆ: 
2020-07-27

4044 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، "ناڕەزاییەتی خۆمان نیشان دەدەین سەبارەت بە بەكارهێنانی توندوتیژی و كەوتنەوەی قوربانی لە خۆپیشاندانی شەوی رابردوو لە بەغدا".

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق تویتێكی سەبارەت بە روبەڕوبوونەوەكەی دوێنێ یەكشەممە، لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا بڵاوكردەوە و نوسیویەتی، "ناڕەزایەتیی خۆمان نیشان دەدەین سەبارەت بە بەكارهێنانی توندوتیژی و كەوتنەوەی قوربانی لە خۆپیشاندانی شەوی رابردوو لە بەغدا، هەروەها دەستخۆشی لە پابەندبوونی حكومەتیش دەكەین بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و پەلكێشكردنی تاوانباران بۆ دادگا".

پێشتر، یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، گاڵتەجاڕیکردن بە هێزە ئەمنییەكان بۆ ئەوەی پەلكێشی روبەڕوبوونەوە بكرێن، كاری ژمارەیەك لایەنە كە نایانەوێت عێراق سەقامگیر بێت.

دوێنێ‌ یەكشەممە، لە میانی خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی شاری بەغدای پایتەختی عێراق كە دژ بە خراپی رەوشی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكە لە ناوەڕاستی شارەكە بەڕێوەچوو، روبەڕوبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویدا و بەھۆیەوە یەك خۆپیشاندەر كوژرا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.