سەردێڕ:

لە بەغدا بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە دوو خۆپیشاندەر کوژران

فۆتۆ: 
2020-07-27

2378 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی دوێنی لە بەغدا خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دژی جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دەستیپێکردەوە و بەهۆی دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەکانیشەوە دوو کەس کوژران.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بە پشت بەستن بە لێدوانی شایەتحاڵەکان باسی لەوەکردووە، خۆپیشاندەران چوونەتەوە مەیدانی تەحریر لە بەغدا و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گولـلەی ڕاستەقینەیان بەکارهێناوە و بەو هۆیەوە دوو خۆپیشاندەر کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. 

خۆپیشاندەرەکان باسیان لەوەشکردوە، هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان کردووە لەوەی ئۆتۆمبیلەکانی فریاکەوتن بگەنە خۆپیشاندەران و کوژراو و بریندارەکان بگوازنەوە.

ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنی عێراقیش لە ‌ڕێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ داوایان له مستەفا کازمی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق کردووە، دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو هەتا مانگی ئازاری ئەمساڵ و بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق بەردەوام بوو بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی و دابینکردنی خزمەتگوزاریی، بەوهۆیەشەوە کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەستیلەکارکێشایەوە.