سەردێڕ:

عێراق نوێترین زانیاریی لەبارەی بەستنەوەى کارەبا بە کەنداوەوە ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2020-07-26

6896 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، لەسەدا ٨٠ى بەستنەوەى هێڵى کارەباى عێراق بە کەنداوەوە تەواو بووە، کۆمپانیایەکى ئیتاڵیشیان راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە گونجاویی بەستنەوەى هێڵى کارەباى عێراق – سعودیە.

 ئەحمەد عەبادى وتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى راگەیاندووە، بابەتى بەستنەوەى هێڵى کارەباى عێراق و وڵاتانى کەنداو چەند پابەندبوونێک لەسەر هەردوولا دروستدەکات، بەتایبەت کە درێژى پڕۆژەکە هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەترە و ٨٠ کیلۆمەترى لەناو خاکى عێراقدایە.

ئەحمەد عەبادى باسى لەوەشکردووە، پڕۆژەکە بریتییە لە راکێشانى دوو هێڵى گواستنەوەى کارەبا، وەزارەتەکەشیان توانیویەتى هێڵى کۆنى (فاو– ئەبو فلوس) لەگەڵ دروستکردنى وێستگەیەکى ناوەندى ٤٠٠ کەى ڤى فاویان تەواو بکەن. هەروەها لەسەدا ٦٠ى هێڵى دووەمى (فاو– ئەبو فلوس)یان تەواو کردووە.

وتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق ئەوەشى راگەیاند، لەماوەى رابردوودا کارەکانى پڕۆژەکە لەلایەن وڵاتانى کەنداوەوە بەهۆى پەتاى کۆرۆنا و بارودۆخى ئابورى و نزمبوونەوەى نرخى نەوتەوە وەستابوو.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژى ١٦ى ئەم مانگە عێراق و ئەمریکا و ئەنجومەنى هاریکارى کەنداو یاداشتێکى لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد، بۆ بەستنەوەى هێڵى کارەباى عێراق بە وڵاتانى کەنداوەوە.