سەردێڕ:

قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بەردەوامە

فۆتۆ: 
2020-07-26

3009 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ، هێزە عێراقییەكان ئۆپەراسیۆنێكیان بە ئامانجی راوەدونانی چەکدارانی داعش لە ناوچەكانی سنوری پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی عێراق، دەست پێ كرد و خاپورکردنی حەشارگەیەكی داعشیان لە باشوری روباری ئەڵوەند لە باكوری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە راگەیاند.

دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد، "هێزەكانی لیوای ٢٣ی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە دیالە كە لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەكاندا لە سنوری پارێزگای دیالە بەشداری دەكەن، حەشارگەیەكی چەکدارانی داعشیان لە باشوری روباری ئەڵوەند خاپوركردووە."

لەلایەکی دیکەوە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، "هێزە عێراقییەكان، ئۆپەراسیۆنێكیان بە ئامانجی راوەدونانی چەکدارانی داعش و رەخساندنی كەشێكی ئارام بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی مخێسە، تەوەكەل، حەوزی دیالە، باشوری خانەقین، زور ئوم حینتە و عەبارە لە سنوری پارێزگای دیالە دەست پێ كردووە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئۆپەراسیۆنەكە لە سێی میحوەرەوە ئەنجام دەدرێت كە هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیالە، هێزەكانی پۆلیسی فیدرال، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و حەشدی شەعبی تیایدا بەشداری دەكەن."

لە ماوەی رابردوودا، قۆناغی دووەم و سێیەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق، بە ئامانجی راوەدونانی چەکدارانی داعش لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین، رۆژئاوای دیالە و باشوری رۆژئاوای كەركوك ئەنجامدران كە لە میانیاندا، ژمارەیەك چەکداری داعش كوژراون، هەروەها ژمارەیەك حەشارگە خاپووركران.