سەردێڕ:

لیستی ئەو دەروازە سنورییانەی هێزەکانی عێراق کۆنتڕۆڵیان دەکەنەوە

فۆتۆ: 
2020-07-26

31697 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، هێزی پێویستیان رەوانەی ١٤ دەروازەی سنوری کردووە کە چوار لەوان دەروازەى ئاویین.

سەرۆکایەتیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا هێزی پێویست بۆ هەریەک لە دەروازە سنورییەکانی ئوم قەسری باکور، ئوم قەسری باشور، ئوم قەسری ناوەڕاست، خورزبیر، شلامجە، بەدرە، مونزریە، سەفوان، قائیم، تریبیل، شەیب، زرباتیە، ئەبوفلوس و عەرعەر نێردراوە.

راشیگەیاند، جگە لەو دەروازە سنورییە وشکاییانە، هاوکات، هێز بۆ چوار دەروازەی سنوری ئاویی نێردراوە و چیتر رێگە بە پاوانخوازیی گروپەکان نادرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەپێی پێویستیی هێز بۆ هەر دەروازەیەک نێردراوە، چونکە ژینگەی هەر دانەیەکیان لەوانی دیکە جیاوازە.

پێشتر، مستەفا کازمی رایگەیاند، دەروازە سنورییەکان لە دەستێکی ئەمیندا نین و داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی کەسانی گەندەڵەوە، هەربۆیە کۆنتڕۆڵکردنەوەیان ئەرکی حکومەتە.