سەردێڕ:

عێراق وردەکاریی رزگارکردنی ژنە چالاکوانە ئەڵمانییەکەی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-07-25

4017 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەکاریی رزگارکردنی ژنە چالاکوانە ئەڵمانییەکەی لە بەغدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای بەدواداچوونە هەواڵگیرییەکان، هێزە ئەمنییەکان توانیان هێلا مویس بدۆزنەوە.

سەعد مەعن بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "دوای بەدواداچوونە هەواڵگرییەكان كە بەسەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنییەكان توانیان هێلا مویس چالاكوانی ئەڵمانی كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە بەغدا رفێندرابوو رزگاربكەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەزارەتی ناوخۆ هەر لەسەرەتاوە بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی رفاندنی هێلا مویس دەستپێكردبوو."

ئەوەشی خستەڕوو، "دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە رفاندنی هێلا رادەستی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كراوە و جەختیشی لەوەكردووەتەوە، هێزە ئەمنییەكان لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە لە رفاندنی هیلا مویسەوە تێوەگلاون."

دووشەممەی رابردوو، هێلا مویس بەڕێوەبەری بەشی رۆشنبیری پەیمانگای گۆتەی ئەڵمانی لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لە نزیك شوێنی كارەكەی لە بەغدا رفێنرا.

دوێنێ هەینیش، یەحیا رەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان رایگەیاندبوو، هێزە ئەمنییەكانی عێراق هێلا مویسیان رزگاركردووە.