سەردێڕ:

لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا لە سەڵاحەدین پێنج کەس کوژران

فۆتۆ: 
2020-07-25

1926 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی هێرشێکی چەکدارانی داعشەوە لە گوندێکی باشوری پارێزگای سەڵاحەدین پێنج کەس کوژران و کەسێکی دیکەش برینداربوو.

سەعد محەمەد ئەفسەری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سەڵاحەدین، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش هێرشیانكردووەتە سەر ماڵی موختاری گوندی سمومی سەربە ناحیەی مكێشفیە لە باشووری پارێزگای سەڵاحەدین.

وتووشیەتی، لە هێرشەكەدا موختاری گوندەكە لەگەڵ دوو كوڕی و دوو کەسی دیکە لە کەسوکارەکەی كوژراون و كەسێكی دیكەش كە نەوەی موختارەكەیە، برینداربووە.

ئەفسەری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سەڵاحەدین باسی لەوەشکردووە، کە چەکدارەکانی دوای رووداوەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بە ئامانجی راوەدونانی چەکدارانی داعش لە ناوچەكانی سەربە پارێزگای دیالە بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەک چەکدار کوژران و ژمارەیەک حەشارگەش خاپوورکران.