سەردێڕ:

عێراق داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی رابردووی ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2020-07-25

3916 جار خوێندراوەتەوە

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڕی هه‌نارده‌ و داهاتی نه‌وتی بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە مانگی حوزەیراندا زیاتر له‌ ٨٤ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ كراوه‌ و داهاتیش گەیشتووەتە زیاتر له‌ دوو ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار.

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو ٨٤ ملیۆن و ٤٨٩ هه‌زار و ١٦ به‌رمیل نه‌وتی خاو هه‌نارده‌ كراوه‌ و كۆی گشتی داهاتی فرۆشتنەکەشی ٨٧١ ملیۆن و ٣١٤ هه‌زار و ٤٧٣ دۆلار بووه‌.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتێکدا کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاو بۆ تشرینی یەکەمی رابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق گەیشتووەتە ٨١ ملیۆن و شەش هەزار و ٤٩٧ بەرمیل و داهاتەکەی گەیشتووەتە دوو ملیار و ٧٤٠ ملیۆن و ٦٧٩ هەزار و ٢٧٧ دۆلار، لەمساڵدا و لە مانگی رابردوودا هەناردەی نەوت گەیشتەوە ئەو بڕە.

ئەوەش هاتووە، ڕێژەی هەناردەی نەوتی خاو لە ‌كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ و له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جیهانه‌وه‌ سێ ملیۆن و ٤٨٢ هه‌زار و ٥١٩ به‌رمیل بووە، كۆی گشتی داهاتەکەشی گەیشتووەتە ١٣٠ ملیۆن و ٦٣٥ هه‌زار و ١٩٥ دۆلار‌، باس لەوەشکراوە، "له ‌مانگی رابردوودا هیچ نه‌وتێكی خاو له ‌كێڵگه‌ی نه‌وتی گه‌یاره‌وه‌ بۆ ئوردن ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌."

ئەوەش روونکراوەتەوە، مانگی رابردوو به‌ تێكڕایی نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ ٣١ دۆلار و ٩٨٤ سه‌نت بووە، كۆی گشتی نه‌وته‌كه‌ش له‌رێی ٣٢ كۆمپانیای جیاوازی وڵاتانی جیهانەوە فرۆشراوه‌.