سەردێڕ:

تەندروستیی عێراق کاتی بەردەستبوونی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-07-25

14266 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە کۆتایی ئەمساڵ یاخود سەرەتای ساڵی داهاتوودا ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەست دەبێت. دەشڵێت، "بە خۆڕایی بەسەر هاوڵاتیانی عێراقدا دابەشدەکرێت."

حازم جەمیلی، جێگری وەزیری تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتەکەیان لە هەوڵدایە لەگەڵ هەموو ئەو لایەن و کۆمپانیایانەدا گفتوگۆ بکات کە سەرقاڵی دروستکردنی ڤاکسینن و بۆ ئەو مەبەستەش، لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر قسەیانکردووە.

راشیگەیاند، کە ڤاکسینی کۆرۆنا لە کۆتایی ئەمساڵ یاخود سەرەتای ساڵی داهاتوودا بەردەست دەبێت و بە خۆڕاییش بە هاوڵاتیان دەدرێت.

لە عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، تاوەکو ئێستا ١٠٤ هەزار و ٧١١ توشبوون، چوار هەزار و ٢١٢ گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمارکراون. هاوکات، لەو ژمارەیەش، زیاتر لە ٧١ هەزار کەس لە پەتاکە چاکبوونەتەوە.