سەردێڕ:

لە کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک بەرپرس دەرکرا

فۆتۆ: 
2020-07-24

9291 جار خوێندراوەتەوە

دادگای کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمنی و ئیداری کەرکوک دەرکرد، بە ھۆکاری پێشێلکردنی سەرووی خۆیان.

بەپێی دۆسیەیەک، كە دەستەی دەسپاکی لێكۆڵینەوەی تیادا كردووە و رەوانەی دادگای كەركوكی كردووە، ئەو لێپرسراوانە "بەشدارییان لە باجی ئەلكترۆنی ھەڵۆی کەرکوکدا كردووە بە پێچەوانەی بڕیارە کارگێڕیەکانی سەرووی خۆیان بووە و پڕۆژەكەش پڕۆژەیەکی فەرمی نەبووە و ھەر بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت، ئەم پڕۆژەیە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بووە بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام تاکڕەوانە لەلایەن پارێزگاری پێشووی کەرکوک و بەشێک لە لێپرسراوانی شارەکەوە بڕیاری لەسەر دراوە و ئەمەش تەواو پێچەوانەی یاسا بووە.

فەرمانی دەستگیرکردنەکە ئەو لێپرسراوانە دەگرێتەوە کە لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی، هاتوچۆ، باری شارستانی، پاسپۆرت، پەیوەندی و دەزگای هەواڵگری دەوام دەكەن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی لێپرسراوەکان بکرێت.

ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگا باس لەوە دەکات پڕۆژەکە ئەو کات بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەن رەت کرایەوە، بەڵام لەبەرئەوەی کۆمەڵێ بەرپرسی گەورەی لە پشت بوو، سوودیان لەو پارەیە وەردەگرت کە لە ھاوڵاتیان وەردەگیرا بۆیە بەبێ رەزامەندی ئەنجومەنی پارێزگا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

جوان حەسەن ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک باس لەوەدەکات، به‌پێی ماددەی ٣٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەرێك و لێپرسراوێک زیان بە بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت کە کاری تێدا دەکات، ئەوە سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت، بە ماوەیەك کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.

بە پێی زانیاری و سەرچاوە فەرمییەکان ئەم پڕۆژەیە بە نزیکەیی ١٨ ملیار دیناری عێراقی تێچووی بووە و تەنھا لە دوو مانگی سەرەتادا نیوەی تێچوەکەیی بە دەست ھێناوەتەوە.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ و بە واژۆی دکتۆر نەجمەدین پارێزگاری پێشووی کەرکوک پڕۆژەی ھەڵۆی کەرکوک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رووداوە ئەمنییەکان چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ھەر ئۆتۆمبێلێک بڕی پانزە ھەزار دیناری لێوەردەگیرا بەڵام ئێستا نە پڕۆژەیەک ماوە و نە پارەکەشی دیارە.