سەردێڕ:

عێراق داوا لە سعودیە دەکات ڤیزەی نێوانیان هەڵبگیرێت

عێراق داوا لە وڵاتێک دەکات ڤیزەی نێوانیان هەڵبگیرێت
فۆتۆ: 
2020-07-24

19525 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، داوایان لە سعودیە کردووە، ڤیزە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەڵبگیرێت.

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لەسێیەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی عێراق - سعودیە لە شاری ریازی سعودیە، عەبدولکەریم هاشم بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و عادل مەرداد بریکاری وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بۆ کاروباری ئابوری و سیاسی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان کردووە."

ئاماژە بەوشکراوە، "بەرپرسە عێراقییەکە داوای لە نوێنەرەکەی سعودیە کردووە ڤیزەی نێوان هەردوو وڵات هەڵبگیرێت."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە بەرامبەردا نوێنەری سعودیە ئەوەی ئاشکراکردوە کە دەیانەوێت لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراقدا بەهێزتر بکەن و بەشێوەیەکی جدی لەم داواکارییەش دەڕوانن و هەڵسەنگاندنی بۆدەکەن."

رۆژی دووشەممەی رابردوو، بڕیاربوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، یەکەمین سەردانی دەرەوەی بۆ سعودیە بکات، بەڵام سەردانەکە بەهۆی نەخۆشکەوتنی شا سەلمان شای سعودیەوە دواخرا و رۆژێک دواتر کازمی سەردانی ئێرانی کرد.