سەردێڕ:

چالاکوانە رفێندراوەکەی بەغدا ئازادکرا

هێڵا مەویس، چالاکوان و هونەرمەندی ئەڵمانی
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2020-07-24

9222 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێڵا مەویس، چالاکوان و هونەرمەندی ئەڵمانی، کە سێ رۆژ لەمەوبەر لە بەغدای پایتەخت رفێندرابوو، ئازادکردووە.

ئەمڕۆ، یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە لە ئۆپراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا، توانیویانە هێڵا مەویس، چالاکوان و هونەرمەندی ئەڵمانی رزگاربکەن.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق باسی لە چۆنێتی ئازادکردنی چالاکوانە ئەڵمانییەکە نەکردووە و هاوکات، ئاماژەی بە ناسنامەی رفێنەرەکانیش نەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی ئاژانسی ئەسیۆشەیتدپرێس، هێڵا مەویس لە دەرەوەی شاری بەغدا ئازادکراوە.

هێڵا مەویسی چالاکوان و هونەرمەندی ئەڵمانی، لە شەوی دووشەممەی رابردوو و لەبەردەم سەنتەری هونەری بەیت تەرکیب لە بەغدای پایتەخت لەلایەن کەسانی چەکدارەوە رفێندرا.