سەردێڕ:

ئەندامێکی شاندی هەرێم: ئامادەین بچینە ژێرباری گشت رێککەوتنێک

فۆتۆ: 
2020-07-23

46096 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "حکومەتی هەرێم ئامادەیە بچێتە ژێرباری گشت رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا و گەورەترین کێشە لە ئێستادا ئەوەیە، کە لەسەر بڕی پارەکە ناگەنە رێککەوتن."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لە وەڵامی نووسراوێکی عێراقدا، حکومەتی هەرێم بە روونی بە بەغدای راگەیاندووە، حکومەتی هەرێم ئامادەیە بچێتە ژێرباری گشت رێککەوتنێک لەگەڵیاندا"، دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم لە پێناو دابینکردنی موچەدا ئامادەیی گشت رێککەوتنێکە، تەنیا کێشەیان لەسەر بڕی ئەو پارەیەیە کە بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێم."

پێشتریش، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاندبوو، حکومەتی فیدڕاڵ هاوشێوەی فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەرامبەر فەرمانبەرانی هەرێم بەرپرسیارە و پێویستە موچەکانیان بنێرێت.

لە ماوەی رابردوودا، چەندین جار شاندی هەرێم رۆشتووەتە بەغدا و دوای ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە بەبێ رێککەوتن گەڕانەوە هەولێر.

ئومێد محەمەد، بەغدا