سەردێڕ:

هەواڵگریی عێراق زانیاری نوێ لەسەر خەلیفەی داعش ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-07-22

7078 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "عەبدوڵڵا قەرداش خەلیفەی نوێی داعش كە لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سوریا خۆی حەشارداوە، لەئێستادا هەوڵی رێكخستنەوەی چەكدارانی رێكخراوەكە دەدات بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان."

ئەبو عەلی بەسری بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "رێكخراوی چەکداری داعش لەئێستادا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی هەوڵی ئەوە دەدات، لە ئەوروپا، باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا، باكوری ئەفریقا و وڵاتانی یەكێتیی سۆڤیەتیی جاران چالاکی بکات."

دەشڵێت، "ئەمیر محەمەد سەعید توركمانی ناسراو بە عەبدوڵا قەرداش خەلیفەی نوێی داعش كە لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سوریا خۆی حەشارداوە، لەئێستادا هەوڵی رێكخستنەوەی چەكدارانی رێكخراوەكە دەدات بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان و دەوروبەری بەغدا، بەسرە و كەربەلا و وڵاتانی ناوچەكە."

ئەوەشی خستەڕوو، "قەرداش پلانی داناوە سوود لە سەرقاڵبوونی هێزە ئەمنییەكانی وڵاتان لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ وەربگرێت بە تایبەتیش لەئێستادا، زۆربەی سەركردەكانی داعش وا بیر دەكەنەوە كە ئەو ڤایرۆسە وەك هیوایەك وایە بۆ یارمەتیدانیان لە شەڕەكانیان."

لە میانی مانگەكانی ئایار و حوزەیرانی رابردوودا، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگیی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا، زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەكانی نەینەوا، بەسرە، بەغدا، كەركوك، سەڵاحەدین، رومادی، هەولێر و سلێمانی کردووە كە لە میانیدا، ٤١٩ چەکداری داعش و ٤٠٩ داواكراویان دەستگیركردووە، هەروەها دەستیان بەسەر ٦١ بۆمب و ١٤٤ موشەكدا گرتووە.