سەردێڕ:

عێراق لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی جەژندا بڕیاریدا

فۆتۆ: 
2020-07-22

14770 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی باڵای قەیرانەکانی عێراق بڕیاری دا، رۆژانی جەژنی قوربان هاتوچۆ لە تەواوی پاریزگاکانی عێراق قەدەغه‌بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لەسەر داوای وەزیری تەندروستیی، لیژنەی باڵای قەیرانەکانی عێراق بڕیاری دا، رۆژانی جەژنی قوربان بەمەبەستی رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاتوچۆ لە تەواوی پاریزگاکانی عێراق قەدەغەبکرێت.

لەمبارەیەشەوە، ریاز عەبدول ئەمیر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی بۆ میدیاکانی عێراق روونیکردەوە، "وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوایکرد قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بەدرێژایی رۆژانی جەژنی قوربان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق پەیڕەوبکرێت، ئەم بڕیارەش لەلایەن لیژنەی تەندروستیی و سەلامەتی نیشتیمانی جێبەجێکرا، بە ئامانجی رێگریکردن لەو کارەساتەی کە لە جەژنی رەمەزانی پێشوودا روویدا و دوای هەفتەیەک رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادیکرد."

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە هاوڵاتیان خۆیان و خێزانەکانیان بپارێزن و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێبکەن."

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا، دواتر قۆناغ بە قۆناغ ژیان ئاسایی کرایەوە، بەڵام لە ئێستادا دووبارە بڕیاردراوە لەماوەی رۆژانی جەژندا هاتوچۆ لە پارێزگاکانی عێراق قەدەغەبکرێت.