سەردێڕ:

ناوەڕۆکی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-07-22

13251 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی ئەلعەرەبیەى راگەیاندووە، سەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق ئەو ئەنجامانەی بەدینەهێناوە کە تاران هیوای بۆ خواستووە، بەوپێیەی مستەفا کازمی بەشێوەیەکی "سەیر" مامەڵەی کردووە و بەڕوونی وەڵامی سێ داواکارییەکەی ئێرانی نەداوەتەوە.

سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی ئەلعەرەبیەی راگەیاندووە، "مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەڵامی سێ داواکارییەکەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانی لەنێوان ئەگەری قبوڵکردن و رەتکردنەوە داوەتەوە"، دەشڵێن، "ئەم جۆرە لە مامەڵەکردن لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لەماوەی ئەو ١٧ ساڵەی تێپەڕیوە باو نەبووە."

ئاماژەیان بەوەشکرد، "زەریف سێ داواکاری ئێرانی لەگەڵ خۆی بۆ بەغدا هێناوە، یەکەمیان، کارکردنی عێراق بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لەگەڵ هەوڵدانی عێراق بۆ باوەڕپێهێنانی ئەمریکا بە کەمکردنەوەی سزا ئابورییەکانی لەسەر ئێران."

هاوکات، دووەم داواکاری ئێران ئەوەبوو، "مستەفا کازمی میانگیری راستەقینە لەنێوان ئێران و سعودیە دروستبکات بەمەبەستی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان، بەوپێیەی نزیکایەتی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵاتە دراوسێکەی هەیە."

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، "سێیەم داواکاری زەریف لە کازمی ئاسانکردنەوەی ئەو رێوشوێنانە بووە، کە پێشتر عێراق بەسەر دەروازە سنورییەکاندا لەگەڵ ئێران سەپاندبووی، ئەمەش لەپێناو رێگەخۆشکردنی هاتنەناوەوەی شتومەکی ئێرانی بۆ ناو بازاڕەکانی عێراق."

لەدوای ئەوەی ئەمریکا لەسەر فایلە ئەتۆمییەکان سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، عێراق بووەتە کۆڵکەى ئابوری بۆ ئێران.