سەردێڕ:

ناوەڕۆکی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران

فۆتۆ: 
2020-07-21

3258 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتە تاران و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەش لەگەڵ رۆحانی، کازمی رایگەیاند، دۆستایەتى عێراق لەگەڵ ئێران ماناى ئەوە نییە کە دوژمنایەتى نەیارانى ئێران بکەن.

سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی عێراق، بۆ وڵاتی ئێران بوو، لە سەردانەکەشیدا لەپاڵ بابەتى ئابورى و کۆرۆنادا، دڵنیایی دایە ئێران کە لە وڵاتەکەیەوە هێرش ناکرێتە سەرى و تەئکیدیشى لەسەر بەرژەوەندى و سەروەریى و سەربەخۆیی عێراقیش کردەوە.

وەک بڕیار بوو مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵاى حکومەتەکەى گەیشتە تارانى پایتەختى ئێران و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى ئەو وڵاتە کۆبوەوە. لە یەکەم وێستگەی سەردانە دوو رۆژیەکەشیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە.

بەپێی میدیاکانی ئێران حەسەن رۆحانی لە هۆڵی کۆبوونەوەی سەرکردەی وڵاتانی ئیسلامی بە فەڕمی پێشوازی لە مستەفا کازمی کردووە.

دواى کۆبوونەوەشى لەگەڵ سەرۆک کۆمارى ئێراندا، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا مستەفا کازمى رایگەیاند، پێویستە جەخت لەسەر کارى جددى بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى ناوچەکە.

وتیشى عێراقێکى بەهێز دەتوانێت بەشداربێت لە سەقامگیریى ناوچەکە و ناکرێت عێراق ببێتە وێستگەى هەڕەشەکردن لە ئێران.

کازمى باسى لەوەشکرد، لەگەڵ سەرۆک کۆمارى ئێراندا باسیان لە چالاککردنى رێککەوتنەکانى نێوانیان و بەرزکردنەوەى ئاستى بازرگانى و پاڵپشتى عێراق لە رووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا کردووە.

مستەفا کازمى ئاماژەى بەوەشدا، عێراق لەڕووى ئابووریەوە لەگەڵ ئێراندا بووە و پەیوەندییەکانى دەرەوەى عێراقیش پشت بە دورکەوتنەوە لە سیاسەتى جەمسەرگرتن دەبەستێت و گەلى عێراق بەپەرۆشە بۆ پەیوەندى لەگەڵ ئێران لەسەر بنەماى دەست نەخستنە ناو کاروبارى ناوخۆیەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، دۆستایەتى عێراق لەگەڵ ئێران ماناى ئەوە نییە کە دوژمنایەتى نەیارانى ئێران بکەن.

لاى خۆشیەوە، حەسەن رۆحانى سەرۆک کۆمارى ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەى بەڵێن دەدات کە بەهەموو توانایەکیەوە لەگەڵ عێراق بێت.

رۆحانى وتیشى، هەردوولا باسیان لە رێگاکانى زیادکردنى بازرگانى نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە و رێکەوتوون لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى بازرگانیی  بۆ ٢٠ ملیار دۆلارى ساڵانە.

سەردانەکەی کازمی بۆ تاران دوو رۆژ دەخایەنێت و بڕیارە سەرۆک وەزیرانی عێراق چاوی بە هەریەک لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بکەوێت. هەریەک لە وەزیرانی نەوت، دەرەوە، دارایی، تەندروستی، بەرگریی، کارەبا و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق یاوەری کازمی دەکەن لەو سەردانەیدا بۆ تاران.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو کازمی پێش ئێران سەردانی سعودیە بکات، بەڵام بەهۆی نەخۆش کەوتنی شای ئەو وڵاتەوە، سەردانەکەی بۆ سعودیە هەڵوەشاندەوە و چووە ئێران.