سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: پێنج چەکداری داعش لە کەرکوک دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-07-21

1700 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان لە پارێزگای کەرکوک، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە کە سەربە رێکخستنەکانی داعش بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیاندراوێکدا دەزگای هەواڵگریی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "هێزەکانمان لە پارێزگای کەرکوک، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە کە سەربە رێکخستنەکانی داعش بوون."

ئەوەش هاتووە، "ئەو پێنج چەکدارەی دەستگیرکراون بەپێی ماددەی چواری تیرۆر لە دادگا داواکرابوون و بەپێی لێکۆڵینەوەکان دانیاناوە بەوەی، کە بەشداربوون لە چەندین شەڕ و هێرش بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە درێژەی پرۆسەی گەڕان و پشکنینەکاندا لە ناحیەی رەشاد سەربە قەزای حەویجە باشوری رۆژئاوای پارێزگای کەرکوک، دەستیان بەسەر ٣٠ بۆمبی چێنراو و بڕێک ماددەی تەقەمەنی لە جۆری C4 و سێ چەکی قورسدا گرتووە کە دواتر تەقەمەنییەکان لەلایەن تیمی پوچەڵکردنەوەی بۆمب پوچەڵکراونەتەوە."