سەردێڕ:

کازمی: عێراق رێگە نادات لە سنورەکانییەوە ئێران بکرێتە ئامانج

فۆتۆ: 
2020-07-21

2379 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکدیدا لەو بنەمایانەیە کە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێراندا باسیان کردووە، دەشڵێت، "عێراق رێگە نادات لە سنورەکانییەوە ئێران بکرێتە ئامانج."

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "پەیوەندییەكانی عێراق و ئێران لە سنور گەورەترە و عێراق رێگە نادات لە سنورەکانییەوە ئێران بکرێتە ئامانج"، دەشڵێت، "دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکدیدا لەو بنەمایانەیە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێراندا باسمان کردووە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە بەرەنگارمان بوونەتەوە پێویستە یەكریز بین"، دەشڵێت، " "لە چوارچێوەی پەیوەندییەكانماندا هەوڵی كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا دەدەین."

ئەوەشی خستەڕوو، "جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگیی لەبەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و تاران دەكەینەوە و ئێران پێشەنگی وڵاتان بوو لە پاڵپشتی کردنی عێراق لە شەڕی تیرۆردا."

هاوکات، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، "عێراق رۆڵێکی گەورەی لەناوچەکەدا هەیە و ئێران هەموو کات ئامادەیە لەبەرقەرارکردنی ئاسایشی عێراقدا هاوکاربێت."

رۆحانی باسی لەوەشکرد، دەیانەوێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق - ئێران بگاتە ٢٠ ملیار دۆلار، دەشڵێت، "بەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان عێراق و ئێرانمان تاوتوێکرد."

ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە تاران و لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە و بڕیارە لەگەڵ هەریەک لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا کۆببێتەوە.