سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی پارتی درود بۆ گیانی وەزیری بەرگری پێشوتری عێراق دەنێرێت و ئەمریکا بە داگیرکەر وەسفدەکات

فۆتۆ: 
2020-07-21

59438 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی پارتی سەرەخۆشی لە وەزیرێکی بەعس دەکات کە تاوانبارە بە ئەنفال و ئەمریکاش بە داگیرکەر وەسفدەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ى تەمووزی ٢٠٢٠، ئیخلاس دلێمى پەرلەمانتارى پارتى لە پەرلەمانى عێراق لە تۆرى کۆمەڵایەتى تویتەر نوسیویەتى، "١٧ ساڵ دواى سەپاندنى سزا بەسەر خوالێخۆشبوو لەژێر چەترى داگیرکەردا، عێراق قۆناغى بەردەوامى خوێنرژانى رادەگەیەنێت.. عێراق دەچێتە قۆناغى شەرى ناوخۆ.. عێراق واز لە سەروەرى دەهێنێت."

ئیخلاس دلێمى نوسیویشیەتى، "سەرەخۆشى لە دامەزراوەى سەربازى و خێڵەکانى (تەى) بەتایبەتى و عێراق بەگشتى دەکەم بەبۆنەى ئەم قوربانییە گەورەیە.. سوڵتان هاشم لەبەر بارەگاى خودایە."

 سوڵتان هاشم لە سەردەمى رژێمى بەعسدا وەزیرى بەرگریى بووە و لە جەنگى کەنداودا واژۆى لەسەر خۆبەدەستەوەدانى عێراق بەرامبەر هاوپەیمانان کرد، پاش رووخانى رژێمى سەدامیش ناوبراو دەستگیر کرا و پاش دادگاییرکردنى بە تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى لە رۆژى ١١ى ئەیلولى ٢٠٠٧ سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرا، لەو کاتەشەوە لە زیندانى حوت لە شارى ناسریەبوو.

سوڵتان هاشم سەرپەرشتیارى قۆناغى یەکەمى ئەنفال بوو دژ بە گەلی کورد لە عێراق لە ساڵی ١٩٨٨ کە تێیدا هەزاران هاوڵاتی کورد ئەنفال کران.

رۆژى ١٩ى ئەم مانگە، سوڵتان هاشم وەزیرى بەرگرى رژێمى پێشووى عێراق بەهۆى جەڵدەى دڵەوە لە زیندانى حوت لە پارێزگاى زیقار باشوورى عێراق کۆچى دواییکرد.