سەردێڕ:

پزیشکێک: دەیان توشبووی کۆرۆنا بەهۆی پلازمای خوێنەوە گیانیان لەدەستداوە

فۆتۆ: 
2020-07-21

28953 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەهۆی پلازمای خوێنەوە دەیان کەسی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

پزیشکێک لە بەرنامەی ئەلموهیمەی کەناڵی عەهدی عێراقی رایگەیاند، "ئەو پلازمایە نرخی سێ هەزار دۆلارە، کە خۆی لەراستیدا هەرزانە و خەڵک گرانی کردووە، کاتێک تووشی کۆرۆنا دەبیت، کێشەی سیەکانت بۆ دروست دەبێت، ئەم پلازمایەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سییەکان دروست دەکات و نەخۆشەکان دەکوژێت."

ئەو پزیشکە داوا لە هاوڵاتیان دەکات، "پلازما بەکارنەهێنن چونکە خودی خۆی کوشندەیە."

لەو بارەیەوە حەیدەر حەمدانی پێشکەشکار پرسیار دەکات، "ئەوانەی کە دەمرن بەهۆی پلازماوە دەمرن؟" لە وەڵامدا پزیشکەکە دەڵێت، "هیچ گومانێکی تێدا نییە توشبووان بەهۆی پلازماوە دەمرن، وەک چۆن، بەهۆکاری ئەنتی بایۆتیک و کۆرتیزۆن دەمرن."

حەیدەر دەشپرسێت، "واتە ئێمە ئێستا بەهۆی پرۆتۆکۆلێکەوە دەکوژرێین کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی پەسەندی کردووە؟"، لە وەڵامدا پزیشکەکە دەڵێت، "ئەوان چی بکەن؟ ئەوە ئاستی زانینیانە کە لەرووی پزیشکییەوە دەتوانن جێبەجێی بکەن، ئەمە بیرۆکەیەکی نوێیە کە پێیدەڵێن دەروازەکانی سۆدیۆم."

بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا ٩٤ هەزار و ٦٩٣ کەس لە عێراقدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٨٦٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٢ هەزار و ٨٣٦ کەسیش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە.