سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی موچەی ئەم مانگەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-07-20

39775 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو کێشە هونەرییەی مانگی رابردوو بووەهۆی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران لەم مانگەدا چارەسەرکراوە و فەرمانبەران موچەی تەواوەتی وەردەگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدول هادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی تەمموز بەتەواوی دابینکراوە، بەڵام هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی وەزارەتی داراییمان نەبیستووە ئایا دەتوانرێت پێش جەژنی قوربان خەرجبکرێت یاخود بەپێی خشتەی جێگیرکراو بۆ هەر وەزارەتێک دابەشدەکرێت."

سەعداوی ئاماژەی بەوەشکرد، "دواکەوتنی موچە لە مانگی رابردوو بەهۆی کێشەی هونەری لە پەسەندکردنی یاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوەبوو، یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکان، دواکەوتنی ئاگاداری لە بانکی ناوەند و وەزارەتی دارایی بوو بۆ خەرجکردنی موچە"، دڵنیاشیکردەوە، "ئەم مانگە و مانگەکانی داهاتوو بەپێی خشتە جێگیرەکانی هەر وەزارەتێک موچەی تەواوەتی دابیندەکرێت."

پێشتر، بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانی دارایی پێکەوە لەگەڵ وەزارەتی داراییدا کاردەکەن و لە دەستپێکیشدا، موچەی سێ مانگی فەرمانبەرانیان ئامادەکردووە.

دوێنێ، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هیچ گرفتێک لە موچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەراندا نییە و بەبێ دواکەوتن و لە کاتی خۆیدا دابەشدەکرێت.