سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-07-19

3001 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە پەرە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئێران بدرێت، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، کاردەکەن بۆ بنیاتنانی قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و رایگەیاند، پێویستە زیاتر پەرە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئێران بدرێت و بە هاوبەشی كاربکەن بۆ پتەوتركردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، کازمی بە زەریفی وتووە، "عێراق هەوڵدەدات رۆڵی هاوسەنگ و ئەرێنی خۆی لە بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەكەدا بگێرێت كە رەنگدانەوەی باشی لەسەر خۆشگوزەرانی گەلانی ناوچەكەدا هەبێت."

هاوکات، محەمەد جەواد زەریف وتوویەتی، "گرنگی بە سەردانەكەی مستەفا کازمی دەدەن بۆ تاران چونكە ئەو سەردانە دەبێتە مایەی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لە هاوكارییەكانی نێوان هەردوو وڵات."

ئەمڕۆ محەمەد جەواد زەریف گەیشتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجام دەدات، بڕیارە دواتریش سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆببێتەوە.

بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی تاران بکات و چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا ئەنجامبدات، هاوکات بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا کازمی بچێتە سعودیە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەشدا کۆببێتەوە.