سەردێڕ:

هۆکارەکانی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا ئاشکراکران

فۆتۆ: 
2020-07-19

6462 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا هۆکارەکانی سەردانیکردنی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بۆ عێراق ئاشکراکرد، کە مەبەست لێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.

ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، "محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێکی سیاسی، بەیانی رۆژی یەکشەممە دەگەنە پایتەختی عێراق، لەپێناو دۆزینەوەی میکانیزمەکانی بەرفراوانکردنی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە و جێبەجێکردنی ئەو بەڵگەنامەی پێشتر لەنێوان عێراق و ئێران تاووتوێ کرابوون."

باسی لەوەشکرد، لەمیانی سەردانیکردنەکەدا محەمەد جەواد زەریف چاوی بە شەش کەسایەتی و بەرپرسی گەورەی عێراق دەکەوێت.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رۆژی یەکشەممە چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئێران دەکەوێت و دوای چاوپێکەوتنەکەش کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەلایەن هەردوو وەزیرەوە دەبەسترێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی سێشەممە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی پایتەختی ئێران بکات، کە وابڕیارە تێیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو فایلانە بکرێت کە تایبەتن بە هاوکاری ئابوری و پیشەسازی نێوان هەردوو وڵاتەکە، لەگەڵ ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە دابینکردنی وزەی کارەباوە.