سەردێڕ:

بەهۆى ناچالاکی هێڵى ئاسمانییەوە ساڵانە عێراق دوو ملیار دۆلار لەدەستدەدات

فۆتۆ: 
2020-07-18

3706 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکى عێراق داواى روونکردنەوە لە دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى عێراق لەسەر چەند بابەتێک دەکات، لەوانەش لەدەستدانى دوو ملیار دۆلارى ساڵانە.

بورهان مەعمورى ئەندامى لیژنەى خزمەتگوزارى و ئاوەدانکردنەوە لە نووسراوێکدا، داواى روونکردنەوەى ئەو هۆکارانە لە سەرۆکى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى دەکات، کە پشکى عێراق لە گەشتیاران بۆ کۆمپانیا فڕۆکەوانیە بیانیەکان دەڕوات و بەوەش ساڵانە عێراق دوو ملیار دولار لەدەستدەدات لە کاتێکدا عێراق زۆر پێویستى بەو داهاتەیە بەتایبەت لە ئێستادا.

مەعمورى پرسیارى ئەوەش دەکات، بۆچى تائێستا گەمارۆى ئەوروپا لەسەر هێڵى ئاسمانى عێراقى بەهۆى چەند بابەتێکى پەیوەندیدار بە سەلامەتییەوە هەڵنەگیراوە؟ کە ئەوەش بەرپرسیارێتى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنییە، چونکە ئەو دەزگایە مۆڵەتى کارکردن بە کۆمپانیاکانى گواستنەوەى ئاسمانى دەدات و ئەویش بەرپرسە لە مەرجەکانى سەلامەتى.

ئەندامەکەى لیژنەى خزمەتگوزارى و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمان داواى روونکردنەوەى هۆکارى گۆڕینى هێڵى رەفحا بۆ سعودیە و هێڵێکى دیکە بۆ کوێت دەکات و پرسیارى ئەوەش دەکات، بۆچى دەسەڵاتى مەدەنى دانوستان ناکات بۆ گەڕاندنەوەیان. 

ئاڕاستەکردنى ئەم پرسیارانە بۆ دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنەوەى دەروازە سنورییەکان، کە بە وتەى بەرپرسانى حکومەت ساڵانە چەندین ملیار دۆلار پارە لەو دەروازانەوە بەهەدەر دەڕوات.