سەردێڕ:

وردەکاریی سەردانەکانی کازمی بۆ ئێران و سعودیە ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-07-18

15800 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی حکومی لە عێراق بەرنامەی سەردانیکردنی مستەفا کازمی بۆ ئێران و سعودیە ئاشکراکرد و دەڵێت، "بەغدا نیازی هەیە بۆ ئەوەی لەبارەی میلیشیا چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران داوایەک لە تاران بکات."

سەرچاوەیەکی حکومی لە عێراق رایگەیاند، "سەردانەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ سعودیە و ئێران لە رۆژی دووشەممەوە دەستپێدەکات"، دەشڵێت، "سەردانیکردنی ریاز، واژۆکردنی رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی وزە و وەبەرهێنان لەخۆدەگرێت و لە میانی سەردانەکەشدا کردنەوەی دەروازەی سنوری عەرعەر لەگەڵ سعودیە رادەگەینرێت."

باسی لەوەشکرد، "هەر لە سەردانیکردنەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو بەڵێنە داراییانەی سعودیە لە ساڵی ٢٠١٨ لە کۆنفرانسی بەخشەران لە کوەیت بە عێراقی دابوو دەکرێت"، راشیگەیاند، "گفتوگۆ لەسەر بابەتی ئەو گۆڕەپانەی تۆپی پێ دەکرێت، کە لەلایەن سعودیەوە پێشکەشی عێراق کرابوو."

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کازمی راستەوخۆ لەدوای تەواوبوونی لە سەردانیکردنەکەی سعودیە، رۆژی سێشەممە سەردانی تاران دەکات، کە وابڕیارە تێیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو فایلانە بکرێت کە تایبەتن بە هاوکاری ئابوری و پیشەسازی نێوان هەردوو وڵاتەکە، لەگەڵ ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە دابینکردنی وزەی کارەباوە."

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی روونکردووەتەوە، "گفتوگۆ لەبارەی هێزە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە تاران دەکرێت و حکومەتی عێراق سورە لەسەر سنوردارکردنی چەک بە دەستیەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی نێودەوڵەتی و لە دەرەوەی یاسا."

لەبارەی کاتی سەردانیکردنەکەوە ئەو سەرچاوەیە ئەوەی ئاشکراکرد، "بەشێوەیەکی بەرایی بڕیارە لەدوای جەژنی قوربانەوە ئەو سەردانانە بەڕێوەبچێت"، بێ ئەوەی رێکەوتەکەی دیاریبکات.

لەکۆتاییدا پوختەی زانیارییەکانی لە سێ ئامانجی سەرەکی سەردانیکردنەکە کورتکردەوە و رایگەیاند، "کازمی لەپێناو توندکردنەوەی سەرکردایەتی عێراق، بەرژەوەندی هاوڵاتیان و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا و ئێران و سعودیە، سەردانی هەر یەکێک لەو دەوڵەتانە دەکات".

مانگی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی تەمموزدا سەردانی ئەمریکا و ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە دەکات.