سەردێڕ:

سێ چەکداری باڵای داعش لە کەرکوک دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-07-18

2918 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، چەکدارێکی باڵای داعش و یاریدەدەرێكی لە سنوری پارێزگای كەركوك دەستگیرکراون، حەشدی شەعبیش رایگەیاند، لە گەڕەکی حورییەی شاری کەرکوک، چەکدارێکی دیکەی باڵای داعش دەستگیرکرا.

لە راگەیەندراوێكدا ئاژانسی هەواڵگری سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، "لەمیانی ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانی سوپای عێراقدا، ئەبو تەها بەرپرسی دروستكردنی بۆمب لە بەناو ویلایەتی رەشادی سەر بە داعش، لەگەڵ یاریدەدەرەكەی بەناوی ئەبو موعتەسەم، لە ناحیەی رەشادی باشوری رۆژئاوای پارێزگای كەركوك دەستگیركراون، کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر، داواكراون."

ئەوەش هاتووە، "ئەو چەکدارانە بەشدارییان لە چەندین كردەی چەکداریی دژبە هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەكانی پارێزگای كەركوك كردووە و دوای وەرگرتنی وتەكانیان، بە مەبەستی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا رەوانەی لایەنی دادوەریی كراون."

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی میحوەری باکوری حەشدی شەعبی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "چەکدارێکی باڵای داعش لە گەڕەکی حورییە لە شاری کەرکوک دەستگیرکراوە، کە ناوی (ل. ص. ز) و خەڵکی گوندی ماوی سەربە ناحیەی سلێمان بەگە و بەناسنامەی ساختەوە وەک ئاوارە خۆی ناساندووە و هاتووەتە ناو شاری کەرکوکەوە."

لەو بارەیەوە جەودەت عەساف وتەبێژی میحوەری باکوری حەشدی شەعبی رایگەیاند، "ئەو چەکدارە، وەک شانەی نوستووی داعش لە نێو کەرکوکدا کاریکردووە و بەپێی زانیاری هەوڵگریی دەستگیریان کردووە".

لە ١٢ی شوباتی ئەمساڵ قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار دەستیپێکرد و لە ئێستاشدا ئەو ئۆپەراسیۆنە لە قۆناغی چوارەمیدایە و لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش تیایدا کوژراو و دەستگیرکراون.