سەردێڕ:

کارەباى ٢٤ کاتژمێرى بۆ ناوەڕاست و باشورى عێراق دابیندەکرێت

فۆتۆ: 
2020-07-17

19484 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی پرۆژەیەک کە ئەمریکا پشتیوانى دەکات، هێڵى کارەباى عێراق دەبەسترێتەوە بە کارەباى کەنداوەوە، بەوەش کارەباى ٢٤ کاتژمێرى بۆ ناوچەکانى ناوەراست و باشورى عێراق دابین دەکرێت و گەر سەرکەوتووبێت چیتر بەغدا پێویستى بە تاران نابێت بۆ دابینکردنى کارەبا بۆ عێراق، کە لە ئێستادا ئێران بەهۆى دابینکردنى بەشێک لە کارەباى عێراقەوە ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلارى دەستدەکەوێت.

واشنتۆن بە کوشتنى قاسم سولەیمانییەوە نەوەستا، تاوەکو هەژمونى ئێران لە عێراق کەمبکاتەوە، بەڵکو هەوڵەکانى چڕترکردوەتەوە بۆ دورخستنەوەى زیاترى هەژمونى ئەو وڵاتە لە ناوەندەکانى بریار و شەقامى عێراقیدا.

جگە لە پشتیوانییە بەردەوامەکانى ئیدارەى ترەمپ بۆ مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراق، دەیەوێت هیچ هەژمونێکى کاریگەرى ئێران لە عێراق نەمێنێت، بەشێوەیەک لە هەوڵدایە تەنانەت کارەبا بۆ عێراق دابین بکات و چیتر بەغدا پێویستى بە تاران نەبێت، وە لە بەرامبەریشدا نایەوێت پارە و داهاتی زیاتر بچێت بۆ ئێران کە لە ئەنجامی فرۆشتنی کارەباوە دەستی دەکەوێت.

لە دواى روخانى رژێمى سەدام حسێنەوە، عێراق بە بەردەوامى پشتى بە ئێران بەستووە بۆ دابینکردنى کارەباى ناوچەکانى ناوەڕاست و باشور، تاوەکو دەگاتە ئەم چەند ساڵەى رابردووش، لە ئێستاشدا وەک ئەحمەد موسەوی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، گرێبەستێکیان لەگەڵ ئێران بۆ ئەمساڵ و ساڵى داهاتوو کردووە بۆ هاوردەکردنی بڕی هەزار و ١٠٠ بۆ هەزار و ٢٠٠ مێگاوات کارەبا.

وەک بەرپرسانى کارەبا دەڵێن، بەو هێڵە کارەبایە لە ئێرانەوە دێت دەتوانێت پێویستی پارێزگای دیالە و بەشێکى دیکەى پارێزگاکانى عێراق دابین بکات، بەپێی هەندێک زانیارى کە میدیا عەرەبییەکان بڵاویکردوەتەوە، ئێران لە بەرامبەر ئەو بڕە کارەبایەى دەیدات بە عێراق، بڕى ٨٠٠ ملیۆن دۆلار وەردەگرێت، لە ئێستاشدا نیوەى ئەو پارەیەى وەرگرتووە، بڕیاریشە ساڵى داهاتوو ٤٠٠ ملیۆن دۆلارەکەى دیکە وەربگرێت.

ئەمریکا ئێستا دەیەوێت چى بکات بۆ ئەوەى کێشەى کارەبا عێراق چارەسەر بکات و چیتر پێویستى بە تاران نەمێنێت؟

بەپێی راگەیەندراوێکى هاوبەشى حکومەتى عێراق و ئەنجومەنى هاریکارى کەنداو و ئەمریکا هاتووە، لە ئێستادا حکومەتى عێراق و ئەنجومەنى هاریکارى کەنداو و ئەمریکا پشتیوانى تەواوى خۆیان بۆ پڕۆژەى دەسەڵاتى پەیوەندییەکانى ئەنجومەنى هاریکارى کەنداو نوێکردوەتەوە بۆ گەیاندنى تۆڕى کارەباى عێراق و ئەنجومەنى هاریکارى کەنداو.

وەک لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتوو بێت، ئەوا کارەبا پێویست دابیندەکات بۆ گەلى عێراق هەروەها پشتیوانى گەشەپێدانى ئابووریەکەى دەکات، بەتایبەتى لە پارێزگاکانى باشور.

بەپێی راگەیەندراوەکە حکومەتى عێراق و ئەنجومەنى هاریکارى کەنداو و ئەمریکا بە پەرۆشەوە دەڕواننە زیادکردنى هاریکارى نێوانیان لە بوارەکانى ئابورى و وزەدا، ئەوەش وەک بنەمایەک بۆ ئاشتى و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانى  لە ناوچەکەدا.

واشنتۆن زۆر پشتگیرى ئەم پرۆژەیە دەکات و پابەندە بۆ ئاسانکاریی و پشتیوانیکردنى ئەم پرۆژەیە لە هەرکوێیەک پێویست بێت، وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.

ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتوو بێت ئەوا کارەبای عێراق دەبەستنەوە بە کارەبای وڵاتانی کەنداو و پارێزگاکانی باشور و بەشی زۆری عێراق، کارەبای ٢٤ کاتژمێریان دەبێت.

وەک بەشێک لە شارەزایان دەڵێن، ئامانج لەم پڕۆژەیە جگە لە چارەسەری کێشەی کارەبا، دورخستنەوەی عێراقە لە ئێران، چونکە ئێستا تاران بڕێک کارەبا دەنێرێت و مانگانە تێچوویەکی زۆر لەسەر عێراق حساب دەکرێت، ئەوەش واشنتۆنى نیگەران کردووە و ناڕازییە لەوەى ئەو پارە کاشە دەڕوات بۆ ئێران.

وە ئەگەر بەغدا پێویستى بە تاران نەبێت بۆ دابینکردنى کارەبا، ئەوا وا دەکات هەژمونى ئێران لە عێراق کەمتر ببێتەوە.