سەردێڕ:

جیاوازی نێوان مستەفا کازمی و بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم

فۆتۆ: 
2020-07-17

13373 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای هەبوونی چەندین کێشەی جۆراوجۆر و گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، لە ئێستادا، مستەفا کازمی چەند هەنگاوێکی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گەندەڵیانە، کە رەنگە لە هەرێمدا زەقتر بوونیان هەبێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم نەک دەست بۆ ئەو کێشە و گەندەڵیانە نابەن، بەڵکو هەوڵی پەردە پۆشکردن و بە یاسایی کردنیان دەدەن.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی سەردانەکەی بۆ شاری کەربەلا سەردانی سایلۆی ئەو شارەی کردووە و لێپرسینەوە لە بەڕێوەبەری سایلۆکە دەکات، لەبەرامبەر خراپ ھەڵگرتنی گەنمدا و ھەڕەشەی ئەوەی لێدەکات کە تا ھەفتەی داھاتوو راپۆرتێکی بۆ نەنێرێت ئەوا سزای دەدات.

مستەفا کازمی، ھەفتەی رابردووش خۆی مەیدانی چووە پارێزگای دیالە و تەواوی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەیی خستەوە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزە دەوڵەتییەکان و پاشان گەڕایەوە بۆ بەغدا، بەڵام ئەم دیمەنە دیمەنی کۆبوونەوە ئۆنلایەنەکانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و جێگرەکەیمان بیر دەخاتەوە، لەکاتێکدا گەلەکەیان لەوپەڕی خراپی گوزەراندایە و ھاوڵاتییان بە سەختترین دۆخی دارایی و دەروونیدا تێدەپەڕن بەھۆی حوکمی ٢٩ ساڵەی حزبەکانی ئەوانەوە.

جگە لەوەی تەمەنی کابینەکەی مستەفا کازمی نەگەیشتۆتە ٣ مانگ و حکومەتی ھەرێمیش ساڵێکی تەمەنی خۆی تێپەڕاند، بەڵام ئەو ھەنگاوانەی مستەفا کازمی لەم ماوە کەمەدا ناویەتی، ھەنگاوی گرنگ بوون و نیەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تیا بینراوە، بەڵام لەماوەی ئەم ساڵەی تەمەنی کابینەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانیدا، ھیچ ھەنگاوێکی جێی دڵخۆشی نەنراوە و بەپێچەوانەوە بڕینی مووچە و چاوپۆشیکردنی لە کۆمپانیا حزبییەکانی خۆیان بە چاکسازی بە خەڵک دەفرۆشنەوە.

گەرچی کازمی حزب و فراکسیۆنێکی گەورەی پەرلەمانی لەپشتەوە نییە، بەڵام ھەر زوو بەزوو لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا چەند ھەنگاوێکی نا، کە دەکرێت بەکورتی بەراوردی بکەین بە حکومەتی ھەرێم:

١. ھەر لەسەرەتاوە کازمی ئاماژەی بەوەدا کە کاردەکات بۆ ئەوەی چەک تەنھا بەدەست دەوڵەتەوە بێت، بەھێرشکردنە سەر بارەگاکانی حزبوڵای عێراقیش نیشانیدا کە بەکردەوە دەیەوێت چەک بگەڕێنێتەوە دەستی دەوڵەت، بەڵام حکومەتی ھەرێم نە لە بەرنامەی کارەکەی باسی لە یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە کردووە و نە بە کردەوەش کاری لەسەر ئەو بابەتە کردووە، بەپێچەوانەوە لەگرژییەکانی زینی وەرتێدا بە ئاشکرا دەرکەوت کە تا ئێستا ھەر حزبە و ھێزێکی تایبەت بەخۆی ھەیە.

٢. لەگەڵ دەستبەکاربوونی، مستەفا کازمی موچەی ناشایستەی چەندین کەس و چین و توێژی جیاوازی بڕی و پارەکەی گەڕاندەوە بۆ حکومەت بەبێ ئەوەی دەست بۆ مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان ببات، رەنگە مووچەی رەفحاویەکان نموونەیەکی زەق بێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی نەیانتوانیوە مووچەی یەک بندیوار ببڕن، بەپێچەوانەوە دەستیان بۆ مووچەی فەرمانبەری شایستە برد و بڕیان.

٣. لەماوەی تەنھا ئەم سێ مانگەی سەرەتای دەستبەکاربوونیدا، کازمی تەواوی دەروازە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیتحادی کۆنتڕۆڵ کرد، کە دواھەمینیان دەروازەکانی سنووری پارێزگای بەسرە بوو، بەمەش کۆی داھاتی ئەو خاڵە سنوورییانە لەمەودوا دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت و حزب و کەسایەتیەکان ناتوانن قاچاخچێتی لێوە بکەن، بەڵام لەماوەی ساڵێکی دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانیدا، تا ئێستا کەس نازانێت داھاتی خاڵە سنوورییەکان چەندە و چی لێدێت و بۆچی سەرف دەکرێت، ئەوەی کە دەزانرێت تەنھا ئەوەیە کە تا ئێستاش لە خاڵە سنوورییەکانەوە قاچاخچێتی بەشێک لە بەرپرسانی ھەردوو حزب و کۆمپانیاکانیان بەردەوامە و ئەو داھاتەشی لەوێ بەدەست دێت، دەچێتە گیرفانی ئەو بەرپرسانە و حزبەوە .

٤. ھەر لە رۆژانی سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە، کازمی بێ گوێدانە پاڵپشتی حزب و ئینتمای ئەو بەرپرسانە بۆ حزب، چەندین بەرپرسی باڵای لە پۆستەکانیان دوورخستەوە و خەڵکی نوێی خستە شوێنیان، کە بەشێک لەو بەرپرسانە تۆمەتباربوون بە گەندەڵی یاخود لەلایەن خەڵکەوە قبوڵ نەکراوبوون، بەڵام لە ماوەی ساڵێکدا تا ئێستا کابینەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی نەیانتوانیوە یەک بەرپرس لەبەر بەرژەوەندی و ویستی خەڵک بگۆڕن، بەڵکو ئەگەر بەرپرسێکیشیان گۆڕی بێت، یان بۆ دڵڕازیکردنی کادیرانی خۆیان بووە یاخود لەبەر کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکانی خۆیان بووە.

٥. وێڕای کۆرۆنا لە بەشێکی زۆری شارەکانی عێراقدا بڵاوە، بەڵام بەردەوام کازمی لەنێو خەڵکدا دەبینرێت و تا ئێستاش بەردەوام ھەفتانە کۆبوونەوەی راستەوخۆی ئەنجومەنی وەزیران دەکات، نەک ئەوە بەڵکو دەچێتە بازاڕ و فەرمانگەکان و لێپرسینەوە لەبەرپرسانی حکومەتەکەی دەکات، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان، کابینەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی خەڵکانی بەتەمەن و خانەنشین بەبێ ھیچ رێوشوێنێکی تەندروستی دەنێرنە بەردەم بانکەکان بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی پێنجی ساڵی ٢٠١٩، کەچی ئەنجومەنی وەزیران بە ئۆنلاین کۆبوونەوەکانی دەکات و ھیچ کەسێکیش سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی نابینێت.

بە بڕوای بەشێک لە چاودێران ئەگەر کازمی سەرکەوتووش نەبێت لەو ھەنگاوانەی گرتویەتی بەر، بەلام ناوبراو توانی دەست بۆ ھەندێک گەندەڵی بەرێت کە لە ھەرێمی کوردستاندا زەقتر بوونیان ھەیە، بەڵام حکومەتی ھەرێم نەک دەستیان بۆ نابات بەڵکو بەردەوام خۆی لێ لادەدات و پەردە پۆشیان دەکات و لە ھەوڵی بەیاسایی کردنیانە.